هەڵوێستەكانی ئەمریكا بۆ ڕۆژئاوای كوردستان بە خاڵێكی وەرچەرخان دادەنرێت لە بەرگریكردن لەو فەرمانڕەوا كوردییەی لە ڕۆژئاوای وڵات بۆ ماوەی یازدە ساڵە لەسەر پێیەكانی خۆی وەستاوە بەرامبەر چەندین دووژمن و نەیاری كورد.
ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا داوای لە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا كرد، خۆی لە هەر كردەوەیەكی سەربازی لە باكووری سووریا دژ بە هێزەكانی سووریای دیموكرات بەدوور بگرێت، كە هەوڵەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) تێكبدات.
گریگۆری میكس سەرۆكی لیژنەی كاروباری دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەران و مایكل مەككۆل ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لە بەیاننامەیەكدا ڕایانگەیاند “ئێمە زۆر نیگەرانین لە هێرشەكانی ئەم دواییەی توركیا بۆ سەر هێزەكانی سووریای دیموكرات، هێرشەكانی توركیا هەوڵەكانی بەرەنگاربوونەوەی داعش دەخەنە مەترسییەوە و داعش دووبارە هەوڵی خۆرڕێكخستنەوە دەدات”.
داواشیان لە ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا كرد، خۆی لە هەر كردەوەیەكی سەربازی لە باكووری سووریا بەدوور بگرێت، هەر چالاكییەكی سەربازی هەوڵەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ دەستەبەركردنی شكستی “داعش” تێكدەدات و مەترسی لەسەر بژێوی خەڵكانی سڤیل لە سووریا دروست دەكات.
ئەمە لە حاڵێكدایە پێشتریش كاربەدەستێكی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا پێنتاگۆن ڕایگەیاندبوو، ئەوان بە هیچ جۆرێك هەڵەكەی ئیدارەی پێشووی ئەمریكا دووبارە ناكەنەوە، كە پشتی كوردانی عێراق و سووریای نەگرت، لەكاتێكدا كوردانی عێراق و سووریا ڕۆڵی باڵایان لە كۆتایهێنان بە تیرۆر هەبووە.
لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا ڕەوانەكردنی هێزی سەربازی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ ڕۆژئاوای كوردستان و سەردانی شاندە ئەمریكاییەكان بۆ ڕۆژئاوا لەپاڵ ناڕەزایەتییەكانی ڕووسیا و سووریا و ئێراندا بوونە هۆكاری ڕاگیرانی هێرشە زەمینییە چاوەڕوانكراوەكەی توركیا.
هەر لەو چوارچێوەیەدا بەپێی سەرچاوە خۆجێییەكان، بڕیارە بە ئەم نزیكانە ئیلهام ئەحمەد سەرۆكی ئەنجومەنی دەستەی جێبەجێكاری هێزەكانی سووریای دیموكرات سەردانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بكات.
بەپێی سەرچاوەكان، ئیلهام ئەحمەد لە سەردانەكەیدا لەگەڵ ژمارەیەك لە كۆنگرێسمان و بەرپرسانی ئیدارەی ئەمریكادا كۆدەبێتەوە و لەبارەی ڕەوشی ڕۆژئاوای كوردستان و هەڕەشەكانی دەوڵەتی توركیا گفتووگۆ دەكات.
سەرچاوەكان دەڵێن، ئەو كاربەدەستەی ڕۆژئاوای كوردستان لەسەردانەكەیدا دەیەوێت پشتیوانی ئەمریكاییەكان بۆ ڕۆژئاوای كوردستان زیاتر بكات و ڕەوشەكەیان بۆ ڕوون بكاتەوە.
ئەو سەردانە لەكاتێكدایە دوێنێ مەزڵووم كۆبانێ فەرماندەی گشتی هێزەكانی سووریای دیموكرات بابەتێكی لە ڕۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریكاییدا بڵاوكردەوە تێیدا ڕایگەیاندبوو، پێویستە ئەمریكا هاوكاریان بكات، چونكە پێشتر داعش دوژمنیان بوو، بەڵام ئێستا هاوپەیمانێكی ئەمریكا و ئەندامێكی ناتۆ لە دژیان ڕاوەستاوە.
كۆبانێ ڕاشیگەیاندووە، ئەوان خوازیارنین كەس شەڕیان بۆ بكات، خۆیان ئەو كارە دەكەن، بەڵام خوازیاری هاوكاری كۆمەڵگەی نێودەوڵەتین بۆ بەرپابوونی ئاشتی.
هەرچەندە دەوڵەتی توركیا هێرشە زەمینییە چاوەڕوانكراوەكەی نەكرد، بەڵام ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا لەلێدوانێكدا دووپاتیكردەوە لە هەركاتێكدا بێت ئەو هێرشە دەكەن، ئەو ناوچە ئەمنییەی بە قوڵایی 30 كیلۆمەتر پلانیان بۆ داناوە، دەبێت تەواوی بكەن.