ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق مووچەخۆرانی هەرێمی بێ‌ هیوا كرد



ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە ئامادەبوونی وەزیرە كوردەكان كۆبووەوە و چەند بڕیارێكی دەركرد، بەڵام ئەوەی مووچەخۆرانی هەرێم چاوەڕێی بوون بەدی نەهات.

ئەمیندارێتی گشتی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ئەمڕۆ سێ‌ شەممە ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرۆكایەتی محەمەد شیاع سۆدانی كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا و چەند بڕیارێكی دەركرد، بەڵام لە هیچ بڕیارێكدا ئاماژە بە ناردنی پارە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم نەكراوە.

وەك لە بەیاننامەكەدا هاتووە، “ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دا به‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك پڕۆژه‌ یاسای حكومه‌تی پێشوو، له‌وانه‌ش پڕۆژه‌ یاسای پشووه‌ فه‌رمییه‌كان و پڕۆژەیەكی نوێی بۆ پشووە فەرمییەكان پەسەند كرد و بڕیاریدا بینێرێت بۆ پەرلەمان بۆ دەنگدان لەسەری.

هەر لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیراندا بڕیار درا به‌ ته‌رخانكردنی یه‌ك ترلیۆن دینار بۆ كۆبۆنی خۆراك و هه‌روه‌ها ته‌رخانكردنی بڕی یه‌ك ترلیۆن و 790 ملیار دینار بۆ شایسته‌ داراییه‌كانی جوتیاران بۆ ئەمساڵ ئه‌مه‌ش به‌ گوێره‌ی مادده‌ی 60ی یاسای بودجه‌ی فیدراڵی لەگەڵ چەند بڕیارێكی دیكە.

چەند ڕۆژێكە فەرمانبەران و خانەنشینان و چین و توێژەكانی دیكەی هەرێم چاوەڕێی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بوون تاوەكو بڕیار لەسەر ناردنی پارە بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بدات لەكاتێكدا هێشتا مووچەی مانگی 6 و 7 دابەش نەكراوە و لەمانگی 8 نزیك دەبنەوە.

لە حكومەتی نوێی عێراقدا كورد پێكهێنەرێكی سەرەكییە و چەند وەزیرێكی هەیە، ئەمە جگە لە سەرۆك كۆمار، كە كوردە و هاوكات یەكێتی و پارتی پێكهێنەری هاوپەیمانی “ئیدارەی دەوڵەت”ن، كە ئەوان حكومەتی نوێی عێراقیان بە سەرۆكایەتی سودانی پێكهێناوە.

لەدوای بڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریس و ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم لە مانگی ئازارەوە، حكومەتی هەرێم تەنها داهاتی ناوخۆی لەبەردەست ماوە و لە مانگی نیساندا هەردوو سەرۆك وەزیرانی عێراق و هەرێم ڕێككەوتنیان واژۆكرد بۆ ڕادەستكردنی نەوت بەرامبەر بە شایستە داراییەكانی هەرێم و دواتریش لەكاتی پەسەندكردنی بودجەی عێراق پشكی هەرێم دیاریكرا، بەڵام تا ئێستا سەرباری چوونی شاندی هەرێم بۆ بەغدا، بەڵام شایستە داراییەكانی هەرێم و مووچەی مووچەخۆران ڕەوانە نەكراوە.

لە هەفتەی ڕابردوودا، ئومێد سەباح، سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم، كە سەرۆكایەتی شاندی هەرێمی دەكرد لە بەغدا ڕایگەیاند، زۆربەی ڕێكارەكان و گفتوگۆكانیان لەگەڵ وەزارەتەكانی عێراق تەواو كردووە و داوامان كردووە پارەی مووچەی مانگی 6 و بودجەی تەواوی مانگی 7 ڕەوانە بكەن بۆ مان تاوەكو دابەشكردنی مووچە زیاتر دوانەكەوێت.

ڕاشیگەیاند، گەشبینە بە ڕێككەوتنەكان و دواین كۆبوونەوەیان ماوە لە نووسینگەی سەرۆك وەزیران ئەنجامی بدەن بۆ واژۆكردنی كۆنووسەكان و سەرجەم دۆسیە و خەرجییەكانیان ڕادەستی بەغدا كردووە و بڕیارە شاندی هەرێم بچێتەوە بەغدا بۆ واژۆكردنی كۆتایی كۆنووسەكان و جێبەجێ‌ كردنی یاسای بودجە، چونكە ئەوەی لەسەر هەرێم بووە پابەند بووە و جێبەجێ‌ كراوە.

لەم نێوەندەدا، مووچەخۆران باجی ململانێی حكومەتی هەرێم و عێراق دەدەن و دوو مانگە بێ‌ مووچە دەوام بەڕێ‌ دەكەن، لەكاتێكدا دۆلار بەرزبۆتەوە و نرخی سەرجەم پێداویستییەكان لە بازاڕدا گران بووە و گیرفانی مووچەخۆرانیش بەتاڵە و حكومەتی هەرێمیش دەڵێت: “بە داهاتی ناوخۆ ناتوانن مووچە بدەن”.

هەریەكە لە وەزیری دارایی و وتەبێژی حكومەتی هەرێم لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا چەند جارێك لە لێدوان و ڕوونكردنەوەكانیاندا جەختیان لەوەكردەوە، كە ناتوانن مووچەی مووچەخۆران بدەن بە داهاتی ناوخۆ و لە ئێستاشدا عێراق داوای داهاتی ناوخۆ دەكات و بەرپرسیارێتی دابەشكردنی مووچە كەوتۆتە ئەستۆی عێراق.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لەدوای واژۆكردنی ڕێككەوتن لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێم بۆ فرۆشتنی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی سۆمۆوە، بەڵێنی بە فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم دا، كە مووچەیان دوانەخات و وتی، “لەمەودوا مووچەی هەرێم لە ئەستۆی ئێمەدایە”، بەڵام ئایا پابەندی بەڵێنەكەی دەبێت؟

لەهەولێر دەست بەسەر چەندین کاڵای ماوە بەسەرچوودا گیرا
پێت لەهەولێر دەست بەسەر چەندین کاڵای ماوە بەسەرچوودا گیرا
داوای دەرماڵە بۆ فەرمانبەران لە حكومەتی هەرێم دەكرێت
دوات داوای دەرماڵە بۆ فەرمانبەران لە حكومەتی هەرێم دەكرێت
پەیوەنیدر