ئەمڕۆ سێشەممە، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ، محەمەد حەلبوسی و سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بافڵ تاڵەبانی، کۆبوونەوە و جەختیان لەسەر چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان لەنێوان هەرێم و ناوەند لەسەر بنەمای دەستوور کردەوە.
لە بەیاننامەیەکدا کە نوسینگەی ئەلحەلبوسی، وێنەیەکی بۆ (خەڵک) ناردووە، ئاماژەی بەوە داوە،
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، محەمەد حەلبوسی ، پێشوازی لە سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان
بافڵ تاڵەبانی و شاندی یاوەری کرد بۆ تاوتوێکردنی بارودۆخی سیاسی وڵات،
گرنگی پاڵپشتیکردنی حکومەت لە جێبەجێکردنی بەرنامەکانیدا،تەوەرێکی گرنگی کۆبوونەوەی نێوانیان بوو، هەروەها جەختیان کردەوە لەسەر گرنگی گفتوگۆ و هەماهەنگی بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان لەسەر بنەمای دەستوور.
هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا ، پرسی هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان و هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراق، و گرنگی پاڵپشتیکردنی کۆمسیۆن بۆ تەواوکردنی ئەو شایستە دەستوورییانە تاوتوێ کرا.
چەند ڕۆژێکە سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ، بەسەردانێکی فەرمی چۆتە بەغدا و لەگەڵ بەرپرسانی حکومی لە پۆستە باڵاکان و بەرپرس و سەرکردە حزبییەکانی بەغدا ، زنجیرەیەک کۆبوونەوە و چاوپیکەوتنی ئەنجام داوە.