حکومەتی هەرێمی کوردستان دەنگۆیەک سەبارەت بە کاتی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ڕەتدەکاتەوە و ڕایدەگەیەنێت، بە شێوەیەکی فەرمی داوایان لە حکومەتی فیدڕاڵی کردووە فەرمانبەرانی هەرێم وەک فەرمانبەرانی عێراق لەکاتی خۆیدا مووچە وەربگرن.
عەبدولحەکیم خەسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ كەناڵی (كوردستان24) ڕایگەیاند، تیمی تەکنیکی حکومەتی هەرێمی کوردستان خۆی داوایکردووە، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە بابەتەکانی دیکەی تایبەت بە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان جیابکرێتەوە و پرسەکان وەکو یەک پاکێج مامەڵەیان لەگەڵدا نەکرێت.
عەبدولحەکیم خەسرەو ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە، کە باس لەوەدەکەن، حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای لە حکومەت عێراق کردووە، لە هەمان کاتی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش دابەش نەکرێت.
دوێنێ، د. جەمال كۆچەر، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی عێراق بۆ كەناڵی (سپێدە) ڕایگەیاند، لە 19ی ئەم مانگە دانیشتنێكی تایبەتم لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق هەبووە و لەو دانیشتنەدا پرسیارم لە محەمەد شیاع سودانی كرد، كە بۆچی لەگەڵ مووچەی فەرمانبەرانی عێراق مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمیش نانێریت؟ لە وەڵامدا سەرۆك وەزیرانی عێراق وتی: حكومەتی هەرێم قبوڵی نییە لە 18ی هەموو مانگێك لەگەڵ مووچەی فەرمانبەرانی عێراق مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمیش بخەمە سەر هەژماری فەرمانبەران وەك فەرمانبەرانی عێراق.
ئاشكراشی كرد، “سەرۆك وەزیرانی عێراق وتی: هەرێم داوای كردووە بودجەی هەرێم بە یەك پاكێج مانگانە بنێرن بۆ هەرێم و دواتر حكومەتی هەرێم خۆی پارەكە دابەش دەشدەكات”.