لەسەر سكاڵای كامیلی حاجی عەلی سەرۆکی باڵە پەرتبووەکەی بزوتنەوەی ئیسلامی دادگای سلێمانی فەرمانی دەستگیركردنی بۆ عیرفان عەلی عەبدولعەزیز سەرۆکی باڵەکەی دیکەی بزوتنەوەی ئیسلامی دەرکرد، ئەم دوو پیاوە هەردووكیان خۆیان بە ڕابەری گشتی بزوتنەوەی ئیسلامی دەناسێنن، دادگاو فەرمانگەی حزبە سیاسییەكان لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق هێشتا ئەم ناكۆكییەی یەكلانەكردوەتەوە.
بڕیاری دەستگیرکردنەکە لە کاتێکدایە کامیلی حاجی عەلی ڕۆژی ١١ی ئایاری ئەمساڵ بەفەرمی خۆی وەكو ڕابەری گشتی بزوتنەوەی ئیسلامی ناساند، ئیتر لێرەوە ناكۆكیی نێوانیان دەستی پێکرد و كەوتە قۆناغێكی نوێوە.
ڕۆژی ٥ی شوباتی ٢٠٢٢ كۆنگرەی ١٢ی بزوتنەوەی ئیسلامی لە هەولێر بەڕێوەچوو، لەم كۆنگرەیەدا تەنیا یەك كاندید هەبوو بۆ پۆستی ڕابەری گشتی كە ئەویش كامیل حاجی عەلی بوو، بەڵام بەهۆی ئەو سەقفەی بۆ دەنگی ڕابەر دانرابوو، وەكو ڕابەر دانەنراو (عیرفان عەلی عەبدولعەزیز) وەكو ڕابەری بزوتنەوەكە مایەوە.
ئەم دۆخە ناكۆكییەكی نوێی لەناو بزوتنەوەدا دروستكرد، كامیل حاجی عەلی و لایەنگرەكانی ئەنجامی كۆنگرەكەیان رەتكردەوە، هەردوو تەرەفی ناكۆك كێشەكانیان بردە فەرمانگەو حزب و رێكخراوە سیاسییەكان لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق، كۆمسیۆن هێشتا بڕیاری كۆتایی نەداوە لەبارەی ئەوەی كام یەكێك لەو دوو تەرەفە دەبێت بە خاوەنی ناوی (بزوتنەوەی ئیسلامی)، بەڵام ئێستا ئەم دوو تەرەفە دوو بزوتنەوەی ئیسلامییان دروستكردووە.
بەگوێرەی زانیارییەکان ئێستا كامیلی حاجی عەلی بانگەشەی ئەوە دەكات لە كۆبونەوەیەکی نێوانیاندا عیرفان عەلی عەبدولعەزیز هەڕەشەی كوشتنی لێكردووەو بۆیە ئەویش لە دادگا سكاڵای لەدژی تۆمارکردووە.
سهرچاوه ئاگادارهكان دهڵێن، سكاڵا یاساییهكه نوێ نییه، بهڵام بههۆی عیرفان عەلی عەبودولعەزیز نهچووهته بهردهم دادگا، بۆیه فهرمانی دهستگیركردنی بۆ دهرچووه.
بزوتنەوەیەی ئیسلامی كوردستان ساڵی ١٩٨٧ لەلایەن مەلا (عوسمان عەبدولعەزیز) لە ئێران دامەزراوەو تا ئێستا (١٢) كۆنگرەی بەستووە. لە ئایاری ٢٠٠١ عەلی باپیرو ژمارەیەك لەسەركردەكانی تری ئەم بزوتنەوەیە جیابونەوەو كۆمەڵی ئیسلامی كوردستانیان راگەیاند كە ئێستا ناوەكەی گۆڕدراوە بۆ (كۆمەڵی داگەریی كوردستان).
ڕۆژی ١١ی ئایاری ئەمساڵ، لایەنگرانی كامیلی حاجی عەلی لە هۆڵی هونەر لە شاری سلێمانی ویستیان كۆنگرە ڕێكبخەن، بەڵام رێگەیان پێنەدرا سندوقی دەنگدان دابنێن، بۆیە لە باخچەی هۆڵی هونەردا بەشێوەی “بەیعەت”، كامیل حاجی عەلییان وەكو ڕابەری بزوتنەوەی ئیسلامی ناساند.
دهقی فهرمانی دهستگیركردنهكه: