سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوونی حکومەتی هەرێمی کوردستن زانیاری نوێ لەسەر نادردنی پارە لە لایەن بەغداوە بۆ هەرێمی کوردستان ئاشکرادەکات و دەڵێت:” ئەم هەفتەیە بەغدا بەشێک لە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەنێرێت”.
عەبدولحەکیم خەسرەو بە کوردستان ٢٤ی راگەیاند:” ئەم هەفتەیە بەغدا بەشێک لە پشکی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەنێرێت، لەگەڵ گەیشتنی ئەم بەشە بودجەیە، حکومەتی هەرێمی کوردستان راستەوخۆ دەست دەکات بە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان”.
دەشڵێت:” لەرووی تەکنیکی، خەرجی و بەرهەمهێنانی نەوت کێشەمان نییە لەگەڵ بەغدا، لەم قۆناغەدا نەوت کێشە نییە لەبەردەم گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغدا، هەروەها هەماهەنگی نێوان وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی نەوتی عێراق لە ئاستێکی زۆر باشدایە”.
راشیگەیاندووە:” داوامان کردووە کە دەبێت مووچەخۆری هەرێمی کوردستان هاوشێوەی مووچەخۆرانی شارەکانی دیکەی عێراق، لە کاتی خۆیدا مووچە وەربگرن”.