یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئۆباڵی ئەو نەهامەتیەی بەسەر هاووڵاتیاندا هاتووە، لە ئەستۆی دەسەڵاتدارانی هەرێمە و دەشڵێت: “دەسەڵاتدارانی هەرێم نەیانتوانی بە تەواوەتی سوود لە دەستکەوتەکانی پاش ڕاپەڕین وەرگرن”.
ئەنجومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا بەبۆنەی تێپەڕبونی 100 ساڵ بەسەر پەیماننامەی لۆزان، رایگەیاند، لەو کاتەوە گەلی کورد، کە مافی رەوای خۆیەتی خاوەنی قەوارەی خۆی بێت لەسەر خاکی خۆی، وێڕای قوربانی دانێکی زۆر نەیتوانیوە هەلەکانی دوای ئەو دەرفەتە بقۆزێتەوە و سوود لە ئەزموونەکان وەرگرێت.
ڕاشیگەیاندووە، “بەداخەوە ئێستاش پاش تێپەڕینی سێ دەیە بەسەر ڕاپەڕینی جەماوەری باشووری کوردستان و هەڵکەوتنی چەندین دەرفەتی گونجاو، دەسەڵاتدارانی هەرێم نەیانتوانی بە تەواوەتی سوود لە دەستکەوتەکانی پاش راپەڕین وەرگرن، لە پێکهێنانی پەرلەمان و حکومەت و کرانەوە بەسەر دونیادا و گەشەسەندنی پەیوەندییە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیەکان و دەرهێنان و فرۆشتنی نەوت و پێگەیشتنی سامانێکی مرۆیی زۆر”.
ئاماژەی بەوەشكردووە، ” وێڕای پەرۆشیی زۆرمان بۆ پرسی نەتەوەکەمان و بە ستراتیژدانانی مافی چارەی خۆنوسین و بەدەستهێنانی مافەکانی بە رێگەی خەباتی مەدەنی و دیموکراسی لە کۆنگرەکانماندا، ئۆباڵی کەمتەرخەمیی بەشە زاتییەکەی دەرهەق بەو پرسە دەخەینە ئەستۆی دەسەڵاتدارانی هەرێم، لەگەڵ دڵنیاییشمان بەوە کە زلهێزانی جیهان هۆکاری سەرەکیی بون لە لایەنی بەشە بابەتییەکەیەوە”.
جەختیشی كردۆتەوە، “هیوادارین ئەم وێستگە مێژوییە بکەینە هەلێکی نوێ بۆ هەنگاونانی کردەیی بۆ چاکسازییەکی گشتگیر لە سیستمی حوکمڕانی هەرێمدا و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان و چاکسازیی لە سیستمی موچە و بەدەمەوەچونی داخوازییەکاندا، کە بەلای ئێمەوە کاری سەرەکین بۆ هەنگاوی گەورەتر”.