وەزیری دارایی سەرلەنوێ خەجت دەکاتەوە لەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ناتوانێت بەو داهاتەی لە ناوخۆ دەستیدەکەوێت، مووچەی فەرمانبەران دابین بکات.
ئەمڕۆ دووشەممە، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان لە میانی سەردانێکی بۆ کفری باسی لە پرسی مووچە کرد.
وەزیری دارایی ڕایگەیاند، لە ڕابروودا 720 ملیار دینارمان لە داهاتی نەوت بۆ دەهات کە دەیکردە ڕێژەی 80%ی مووچە و ئەوەی دیکەشی لە داهاتی ناوخۆ دابین دەکرا، بەڵام ئێستا داهاتی نەوت نەماوە.
ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێم وتی: کارەکە هێندە ئاسانن نییە، چونکە دەبێت پشکی هەرێم لە لایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە دیاریبکرێت و داهاتی نەوتی و نا نەوتی یەکلابکرێتەوە، پاشان بابەتی چاودێری دارایی بەکۆتا بێت و دواتر پارە بخرێتە سەر هەژماری بانکی هەرێم.
ڕوونیشیکردەوە کە بە پێی یاسای بودجە دەبێت 50٪ی داهاتی ناوخۆش ڕادەستی بەغدا بکەن، بۆیە لەمەودوا بۆ دابینکردنی مووچە دەبێت چاوەڕێی جێبەجێکردنی یاسای بودجە بکەن.
وا بڕیار بوو ئەمڕۆ وەفدێکی وەزارەتی دارایی کە چوار بەڕێوبەری گشتی تێدابوو سەردانی بەغدا بکەن سەبارەت بە پرسی بودجە و مووچەی هەرێم بەڵام چوونەکە بۆ سبەی دواخرا.
پیشتر، وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە پەروێزخان دەربارەی کێشە داراییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا قسەی کرد و ڕایگەیاند، عێراق لە 2013ەوە گەمارۆی خستووەتە سەر هەرێمی کوردستان، ئومێدەوارین کۆتایی بێت.
وتیشی، داهاتی ناوخۆی ئێستای هەرێمی کوردستان بەشی مووچە ناکات و پێویستە لەمەودوا پرسیاری مووچەی فەرمانبەران ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی عێراق بکرێت.
داڕشتنەوەی؛ ئەرکان ئاوات،خوێندکاری مەشقکار