جەمال كۆچەر، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، دەبێت هەرێم تێبگات وەزیری دارایی ئێستا و حكومەتی ئێستای عێراق، وەزیری دارایی و حكومەتی جاران نین، دۆخی عێراق دۆخی جاران نیە، دەشڵێت: “لایەنە شیعەكان پێیان وتین متمانەمان بە هەرێم نەماوە”
جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندووە، لە گفتوگۆكانی بودجەدا بەڕوون و ئاشكرا لایەنە شیعەكان بە ئێمەیان دەوت ئێمە مەقاسە قبوڵ ناكەین، متمانەمان نەماوە، چونكە هەموو ساڵێك دەڵێن نەوت ڕادەست دەكەین، بەڵام لە 2014ەوە هیچتان رادەست نەكردووە، ئەمجارە ئەمە قبوڵ ناكەین، تا بەشی خۆمان لە نەوت وەرنەگرین، پارە بە هەرێم نادەین.
ئاماژەی بەوەشكرد، دۆخی هەرێم و بەغدا گۆڕاوە، جاران هیچ بڕیارێك لە دژی هەرێم نەبووە، ئێستا دوو بڕیار هەن دژی هەرێم، بڕیاری دادگای فیدراڵی و بڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریس، جاران پارتی و یەكێتی بە یەك پاكێچ دەچونە بەغدا، ئێستا پارتی و یەكێتی لە بەغدا دژی یەكترن، جاران وەزیری دارایی كورد بووە و حكومەتیش نزیكی كورد بووە، ئیشەكان بە ئاسانی بەڕێوەچوون، ئێستا نە وەزیر كوردە نە وەزیر نزیكی كوردە.
دەشڵێت: “حكومەتی ئێستا، حكومەتی چوارچێوەی هەماهەنگیە، كە ڕقیان لە سێ لایەن هەیە، سەدر، حەلبوسی، پارتی”.
جەمال كۆچەر جەختیشی كردەوە، دەبێت هەرێم بزانێت پابەندبوونی تەواو تاكە ڕێگایە بۆ ئەوەی بەشە بودجەكەی بنێردرێت، هەرێم خۆی تێناگەیەنێت، دەبێت تێبگات.