سەرۆکی کۆمەڵەی جووتیارانی پەلەوەر لە هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و دابەزینی نرخی مریشک، زیاتر لە هەزار کێڵگەی پەلەوەر لە پارێزگاکانی هەرێم داخراون یان فرۆشراون.
نازم عەبدوڵڵا جاف ،ڕاشیگەیاند لەماوەی رابردوودا نەخۆشی و دابەزینی نرخی مریشک بۆ کەمتر لە 2 هەزار ، زۆرێل لە کێڵگەکان فرۆشران و بە نزیکەی 25 ملیار دینار زیانی بە بواری پەلەوەر گەیاند،هاوکات حکومەتیش بەبەشێک لە هۆکاری ئەو زیانە دەزانێت.
پێشتر نرخی کیلۆیەک مریشک لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان دابەزی بۆ کەمتر لە دوو هەزار دینار بۆ هەر کیلۆیەک و بەشێک لە فرۆشگاکانیش هۆکاری دابەزینەکەیان بۆ کەمی هەناردەکردنی مریشک بۆ پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بەهۆی ئاستەنگەکانەوە گەڕاندەوە.
ئامارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لە هەرێمی کوردستان ٨٠٠ هەزار کێڵگەی پەلەوەر هەیە کە زۆربەیان لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەولێرن.
لای خۆیەوە سۆران غەفوور، بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی بازرگانی سلێمانی بە (خەڵک)ی ڕاگەیاند، زیانەکانی کێڵگە پەلەوەرییەکان کاریگەری لەسەر نرخی مریشک لە بازاڕەکاندا نابێت، ئێستاش نرخەکەی وەک جاران نزمە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو ئامرازەی کاریگەری لەسەر نرخی مریشک هەیە، بڕی دابینکردنە لەبازاڕ و وەک هەر کاڵایەکی تر، ئەگەر دابینکردنەکە زیادبکات خواست کەمدەبێتەوە و نرخەکەی کەمدەبێتەوە.
سەبارەت بە ڕەخنەکانی بەرپرسی کێڵگە پەلەوەرییەکانیش ڕایگەیاند، پێشتر چەند جارێک لەگەڵیان کۆبوونەتەوە و بیروڕایان ئاڵوگۆڕ کردووە، هەوڵیش دەدەین ڕێگەچارەیەک بدۆزینەوە تاوەکو ئەوکێشانەش چارەسەر بکرێن.