لەهەرێم خانەنشینان توێژێكی لە بیركراون!



عەبدولواحێد محەمەد

سەرەتا دەمەوێ ئەوە بڵێم، هەشت یاسای خانەنشینی لە هەرێم كاری پێدەكرێت، هیچیان لە بەرژەوەندی خانەنشینانی راستەقینە و ئەو خزمەتە زۆرەیان نیە كە مەعلومە هەمویان بەهاری تەمەنی خۆیان بەم خاكە و بە نەوەكان بەخشیوە، بۆیە بەڕاستی خانەنشینان لە هەرێم توێژێكی لە بیركراون، ئەوەتا لە سایەی یاسای ژمارە (9)ی ساڵی 2014 حاڵی خانەنشینانی حكومەتی مەركەزی زۆر جیاوازی هەیە لەگەڵ ئەوانەی لەژێر سایە و دەسەڵاتی هەرێمدا دەژین، لەوێ بەهاری خانەنشینانە، بەو مانایەی كۆمەڵێك پێدراوی یاسایی و جیاوكی زۆر زیاتریان هەیە بەبەراورد بەو بەڕێزانەی لەهەرێمدا كاركەناركراون یان دەكرێن كە بریتین لەوانە :

1- مامۆستا و فەرمانبەر بەنزیكەی (80% ) كۆی موچەكەی خانەنشین دەبێت، لەبنەڕەتیشدا لە( 400000) هەزار دینار كەمتر نیە.
2- لەكاتی كاركەناربوون (18)مانگ پاداشت وەردەگرێت.
3- سندوقی خانەنشینی تایبەت هەیە، هیچ پەیوەندیان بە لیستی موچەی مانگانەی فەرمانبەرانەوە نیە هەموو 6-7 مانگان موچەكانیان وەردەگرن بێ ئەوەی یەك رۆژ دوابكەوێت.
4- دەتوانن (25) ملیۆن دینار قەرز وەرگرن بۆ چارەسەری نەخۆشی یان هەر پێویستیەكیتر.
لەم دواییەش ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق كۆمەڵێك بڕیاری تازەی دەركرد، بۆ ئەوەی زیاتر خزمەتی خانەنشینانی پێوە بكرێت و قەرەبووی ساڵانی خزمەتیان و ئەو هەموو ماندووبونەیان بكرێتەوە ، لەوانە:

1- هەر خانەنشینێك زەوی وەرنەگرتبێت دەبێت پارچە زەویەكی نیشتەجێبوونی پێبدرێت.
2- لەهێلی فڕۆكەوانی عێراقی، لەكاتی سەفەر كردنیاندا 25% نرخی كڕینی پلیتی فڕۆكەیان بۆ دادەبەزێنرێت.
3- بۆ ئەم مانگە هەر خانەنشینێك گوژمەیەك پارەی وەك پاداشت پێدەدرێت.

بێجگە لەو پێدراوە یاسایی و ئیمتیازاتانە، هەموو خانەشینان موچەكانیان كراوەتە كارتی ئەلیكترۆنی، بێ هیچ گرێ و گۆڵ مانگانە لەهەر كوێ بن دەتوانن لە موچەكانی خۆیان بەهرەمەند بن ، جیاوازیش لەنێوان یەكێك بۆ یەكێكیتر یان دەڤەرێك بۆ دەڤەرێكیتر نیە مەگەر خزمەت و پلەی وەزیفیان نەبێت.

ئەوەی خۆمان واتە ئەو مامۆستا و فەرمانبەرە راستەقینانەی خانەنشین دەكرێن، وەك ئەوە وایە لەم هەرێمە هیچیان نەكردبێت و بگرە زیادەبن، خێرا خێرا هەرچی ئیمتیاز هەیە لێیان دادەماڵرێ و بە موچەیەكی زۆر كەمكرایەوە رەوانەی ماڵەوە دەكرێنەوە ، وەك:
1- بڕینی دەرماڵەی شەهادە، لەهەموو دنیا شەهادە ناونیشانێكە بە كۆشش و ماندووبوونەوە بەدەست دێت، هیچ لایەنێك بۆی نیە دای بماڵێ، لەبەر ئەوەی بەوە خزمەتی كردووە دەبێت هەر لێیەوە بەهرەمەند بێت،
2- بڕینی دەرماڵەی خێزان و منداڵ ، بەڕاستی هەر ئەوە خۆی لەخۆیدا تاوانە دەرهەق بەخانەنشینان، چونكە لەوەزیفە راستە خانەنشین دەبێت، بەڵام لەبەخێوكردنی ماڵ و منداڵ هەر بەرپرسیار دەبێت، بۆیە مافی خۆیەتی لەو دەرماڵەیە بەهرەمەند بێت.
3- لەكۆی مانگانەی كە خانەنشین دەبێت تەنها 80% موچەی بنەڕەتی پێدەدرێت هەندێك هەیە 200هەزار دیناری بۆ دەردەچێت، مامۆستایەكیش (40) ساڵ خزمەت هەبێت، تەنها (918000) هەزار دینار بۆ دەردەچێت. ئەوەی جێگەی پرسیار و هەڵوێستەكردنە بیركردنەوە و بڕیاری ئەم حكومەتەیە، ئاخر مامۆستایەك لە كاتی خزمەتیدا دەور و بەری دوو ملیۆن وەربگرێت كە خانەنشین دەبێت چۆن دەتوانێ بە 900 هەزار دینار بژیت، یان فەرمانبەرێك بە 200 هەزار دینار بژیت، هیچ نەبێت با بیر لەخۆیان بكەنەوە، ئایا ئەوەندە تەنها ئاو و ساردەمەنی رۆژانەیانی پێ دەكڕدرێت؟
4- كە خانەشین دەكرێت تەنها (6) مانگ موچەی بنەڕەتی وەك پاداشت پێدەدرێت.
5- باسی ئەوەش ناكەم كە موچەیان پێدەدرێت، چ جۆرە جەزرەبەیەك دەدرێن، مەگەر خوا پێی بزانێت و قبوڵی نەكات.
6-
ماوەیەك بەر لە ئێستا ئەنجومەنی دادوەری یاسای ژمارە(27) ی ساڵی(2006)ی هەرێمی هەڵوەشاندەوە و بڕیاری ئەوەیدا كار بە یاسای ژمارە (9) ی یەكگرتوی ساڵی 2014 بكرێت، كەچی تا هەنوكە حكومەت خۆی بێدەنگ كردووە ، دواجار ئەو بەراوردكاریەی لەسەرەوە خستومانەتەڕو بۆ خوێنەران بەجێ دەهێڵم، دڵنیام وەكو من دەڵێن، لە هەرێم خانەنشینان توێژێكی لە بیركراون .

 

هۆكاری هەڵوەشانەوەی سەردانی شاندی هەرێم بۆ بەغدا ئاشكرا بوو
پێت هۆكاری هەڵوەشانەوەی سەردانی شاندی هەرێم بۆ بەغدا ئاشكرا بوو
لەبارەی پرسی کۆچبەران چەندین وڵات کۆدەبنەوە
دوات لەبارەی پرسی کۆچبەران چەندین وڵات کۆدەبنەوە
پەیوەنیدر