سەرۆکی لیژنەی سوتەمەنی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، لەدوای پەسەندکردنی ڕێنمایی تایبەت بە جێبەجێکردنی بودجە، سووتەمەنی وەک بەنزین و گاز و نەوت بە نرخی پاڵپشتیکراو لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بەردەست دەبێت.
کەریم عەلی سەرۆکی لیژنەی سوتەمەنی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە (خەڵک)ی ڕاگەیاند، لەساڵی ٢٠١٤ لەدوای پەیڕوەکردنی سیستمی سەربەخۆی مامەڵەی نەوت لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە, حکومەتی عێراق بڕیاری هەناردەی سووتەمەنی راگرت.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا لێکتێگەیشتن لەنێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی بەغدا هەیە و هیچ گرفتێک بۆ جێبەجێ کردنی بڕگە و ماددەکانی یاسای بودجە نەهاتووەتە پێشەوە و بڕیارە لە ماوەی ئەم چەند رۆژە یاسای بودجە بەپێی ڕێنماییەکان بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، لەدوای ئەو هەنگاوە پشکی هەرێمی کوردستان لە سووتەمەنی و شایستە داراییەکانی دیکە رەوانەی هەرێمی کوردستان دەکرێت و جۆرەکانی سووتەمەنی وەک بەنزین و نەوت و گاز لە بودجەدا بە نرخی پاڵپشتیکراوە و لەهەرێم بەردەست دەبێت.
شایەنی باسە نرخی سوتەمەنی لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و خواروی عێراق بەشێوەیەکی بەرچاو لەچاو نرخەکانی هەرێم جیاوازییان هەیە ،و نرخی لیترێک بەنزین ٤٥٠ دینارە و نرخی لیترێک گاز ٤٠٠ دینارە و نرخی لیترێک نەوت ١٥٠ دینارە.