بڕیارە ماددەی ١٤٠ کارابکرێتەوە، بەڵام تورکمان و عەرەبە سووننەکانی کەرکوک نیگەرانن و ناڕەزایەتی دەردەبڕن و سەركردەیەكی هاوپەیمانی فەتح، كە لەلایەن هادی عامرییەوە سەركردایەتی دەكرێت و لەگەڵ زۆرینەی شیعە و كورد و سوننە هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەتیان پێكهێناوە ڕایدەگەیەنێت، كێشە و لێكەوتەی خراپی لێ دەكەوێتەوە.
لە كۆتایی مانگی ڕابردوودا، سەركردەكانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت، كە پێكهاتوون لە زۆرینەی شیعە و سوننە و كورد بە ئامادەبوونی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆكی حكومەتی عێراق و محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی پەرلەمان لە ماڵی مام جەلال لە بەغدا بە میوانداری بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی كۆبوونەوە و لە ڕاگەیەنراوێكیشدا ئاماژە بەوەكرا، كە جەخت لە جێبەجێ كردنی كارنامەی هاوبەشی حزبەكانی پێكهێنەری حكومەت كراوە و ماددەی 140 كارا دەكرێتەوە و لیژنەی بۆ دروست دەكرێتەوە.
محەمەد بەیاتی، سەركردە لە هاوپەیمانی فەتح، كە بەشێكە لە حزبە پێكهێنەرەكانی حكومەت بۆ ئاژانسی (المعلومە) ڕایگەیاندووە، ناوەڕۆكی ماددەی 140 نوێ نییە و لەناو یاسای ئیدارەی كاتی دەوڵەتی عێراق هەیە و جێبەجێ نەكرا و دواتریش گوازرایەوە بۆ ناو دەستوور و لە كۆتایی ساڵی 2007 جێبەجێ نەكرا، چونكە ماددەكە ناكۆكی لەسەر لەنێوان نەك تەنها پێكهاتەكانی كەركوك، بەڵكو لەنێوان هەموو لایەنەكان.
ڕاشیگەیاند، تەنها كورد پاڵپشتی ماددەی 140 دەكات ئەوەش بۆ بەدیهێنانی مەبەست و بەرژەوەندی تایبەتی خۆی.
بە وتەی ئەو سەركردەیەی هاوپەیمانی فەتح، “بۆچوونی یاساییەكان ڕوونە سەبارەت بە كاریگەری ماددەی 140، كە دوای 2003 جێبەجێ نەكراوە، چونكە ئەو یاساییانە دەڵێن: كاریگەری یاسایی لەدەستداوە و جێبەجێ كردنی دەبێتە هۆی چەندین كێشە و ناكۆكی و دەرئەنجامی نەخوازراو لە كەركوك”.
جێبەجێ كردنی ماددەی 140ی دەستوور لە ناوچە جێناكۆكەكان چەند ساڵێكە پەكخراوە، كە لە حاڵەتی جێبەجێ كردنی دەبێت ڕاپرسی بكرێت و خەڵكی ئەو ناوچانەی هێنراونەتە كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكانی دیكە بگەڕێنرێنەوە بۆ سەر زێدی خۆیان و ئەوانەشی بەهۆی سیاسەتی تەعریب و دەركردنەوە ناوچەكانیان بەناچاری جێهێشتووە دەبێت بگەڕێنەوە و لای خۆشیانەوە عەرەب و توركمانەكان لەوە دەترسن لە ڕاپرسیدا زۆرترین دەنگ بە گەڕانەوەی ئەو ناوچانە بێت بۆ سەر هەرێمی كوردستان.
بەپێیی ئەنجامی زۆرینەی هەڵبژاردنەكانی عێراق (پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاكان) و هەروەها ئەنجامی ڕیفراندۆمی ساڵی 2017، دەردەكەوێت كە زۆرینەی خەڵكی ناوچە جیبَناكۆكەكان كوردن.