سەرۆك کۆمار لە لێدوانێکی ئەمریکا نیگەرانە و باڵیۆزەکەیان بانگهێشت دەکات



لە وەڵامی لێدوانەکانی ماسیۆ میلەر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە دژی حکومەتی عێراق سەبارەت بەهەڵوەشاندەوەی مەرسومی کۆماریی ژمارە (147)ی ساڵی 2013ی بۆ کاردینال لویس ڕوفائیل ساکۆ، پاتریارکی کڵیسای کاسۆلیکی کلدان و سەرۆکی کڵێساکانی کریستیان، سەرۆکایەتی کۆمار ناڕەزایی دەربڕی.
دوابەدوای لێدوانەکانی بەڕێز میلەر سەبارەت بە بڕیاری ئەم دواییەی هەڵوەشاندنەوەی مەرسومی کۆماریی ژمارە (147)ی ساڵی 2013ی پاتریارک کاردینال لویس ڕافایل ساکۆ، نووسینگەی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق ڕایگەیاند، بێ هیوای خۆمان دەردەبڕین بەرامبەر ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی حکومەتی عێراق و سەرۆکایەتی کۆماری عێراق کراوە سەبارەت بەو بڕیارەی کە دراوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی مەرسومێکی سەرۆکایەتی کە لەگەڵ دەستووری وڵاتدا ناگونجێت.
ڕاشیگەیاند، سەرۆکایەتی کۆمار سەبارەت بەم مەسەلەیە باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە بەغداد بانگهێشت دەکات.
وتەبێژێك بە ناوی سەرۆکایەتی کۆمارەوە ئەوەی خستەڕوو کە عێراق لە دوای پەسەندکردنی دەستووری عێراق لە ساڵی 2005ەوە بە پەرۆشەوە شانبەشانی ئەمریکا کاری کردووە، بۆ بونیادنانی سیستەمێکی یاسایی کاریگەر کە مافەکانی هەموو هاووڵاتیانی وڵات زامن بکات، سیستەمێک کە دواجار پەیڕەوی لێدەکرێت و پابەند دەبێت پێیەوە، سەرۆکایەتی کۆمار ناکرێت ئەو ڕێکارانە بگرێتەبەر کە پێچەوانەی دەستووری عێراق بن کە ڕۆڵی سەرەکی سەرۆکی کۆمار بریتیە لە پاراستنی دەستوور و ڕێکارە یاساییەکان.
نووسینگەی سەرۆک کۆمار دووپاتیکردەوە کە هەڵوەشاندنەوەی مەرسومی سەرۆکایەتی هیچ زیانێک بە پێگەی ئایینی و یاسایی کاردینال لویس ساکۆ ناگەیەنێت و ڕێز و پێزانینی سەرۆکایەتی کۆمار بۆ پاتریارک لویس ساکۆ بەردەوامە وەک پاتریاکی کڵێسای کلدان لە عێراق و جیهاندا.
هەروەها دەسەڵاتی دادوەری و دەستووریش لە ساڵی 2018ەوە بە ڕوونی ئەوەیان ڕاگەیاندووە کە سەرۆک کۆمار لە هیچ بابەت و دۆخێکدا دەسەڵاتی دەرکردنی مەرسومی سەرۆکایەتی بۆ هیچ کەسایەتی باڵای ئایینی ومەزهەبی نییە ، کە ئەمەش کریستیان و ئێزدی و ئیسلام و هەر گروپێکی ئایینی تری عێراقیش دەگرێتەوە.
ڕوونیشیکردەوە کە لە ڕوانگەی دەستوورییەوە، سەرۆک کۆمار لە عێراق رێگەپێدراو نیە سەرۆکی پێکهاتەیەک کەشوێنکەوتووانی هەڵیانبژاردووە دیاری بکات یان لە کارەکەی دووربخاتەوە ، هاوکات سەرۆک رێگەپێدراو نیە لایەنگری یان گرنگی زیاتر بدات بە گروپێک بەسەر گروپێکی تردا، چونکە بە پێشهاتێکی مەترسیدار دادەنرێت ئەگەر  سەرۆکایەتی کۆمار دەست وەربداتە ئەم کارانەوە.
ئەوەشی خستەڕوو کە سەرۆک کۆمار هەمیشە ڕێزی لە کریستیانەکانی عێراق گرتووە و بەرگری لە مافەکانیان کردووە بە درێژایی ژیانی پیشەیی خۆی، هەروەها بە توندی هەر هەڕەشە یان لێدوانێکی هێرشبەرانە لە دژی کڵێسا یان دژی هەر پێکهاتەیەکی دیکە لە عێراق ڕەتدەکاتەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: “دەبێت بۆ هەمووان ڕوون بێت کە مەرسومی کۆماریی ژمارە (147)ی ساڵی 2013ی پاتریاک کاردینال لویس ڕافایل ساکۆ، هەرچەندە لە ڕووی دەستوورییەوە راست نیە، بەڵام هیچ دەسەڵاتێکی زیاتری بە بەرێز کاردینال ساکۆ نەداوە، هەر لەبەر ئەم هۆکارە دووپاتی دەکەینەوە کە هەڵوەشاندنەوەی مەرسومی کۆماریی کاریگەری لەسەر پێگەی ئایینی و یاسایی کاردینال نییە سەرباری ئەوە رێکارەی گیراوەتەبەر. جارێکی تر دووپاتی دەکەینەوە کە هەڵوەشاندنەوەی مەرسومەکە بۆ ڕاستکردنەوەی دۆخێکی دەستوری بوە، بەو پێیەی مەرسومی ژمارە (147)ی ساڵی 2013ی بەبێ بنەمایەکی دەستووری و یاسایی دەرچووە”.
ڕاشیگەیاند پێکهاتەی کریستیان ، چ کلدان، ئاشووری، سریانی، ئۆرتۆدۆکسی یۆنانی، ئۆرتۆدۆکسی قبتی یان ئەرمەن، هەمیشە بەشێکی دانەبڕاو بوون لە عێراق و هەمیشەش وا دەبێت.
وتەبێژەکە دەڵێت: تۆمەتبارکردنی سەرۆکایەتی کۆمار یان حکومەتی عێراق بە هێرشکردنە سەر ئازادیی ئایینی و زیانگەیاندن بە پێکهاتەی کریستیانەکان، نەک هەر ناڕاستە بەڵکو درۆیەکی شاخدارە ، و زیان بە بناغەکانی ئەم وڵاتە و ئەو هەنگاوە گەورانە کە لە بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی لێبوردەیی و یەکساندا بەدیهێناوە دەگەیەنێت” .
وتیشی کریستیانەکانی عێراق پێکهاتەیەکی شکۆمەندن و لەلایەن کۆمەڵگەی عێراقییەوە رێزی تەواویان لێ دەگرێت، دەستووریش مافەکانیان دەستبەر دەکات.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە هەڵوەشاندنەوەی مەرسومی کۆماریی ژمارە (31) بۆ کشانەوەی مەرسومی کۆماریی ژمارە (147)ی ساڵی 2013ی کاردینال پاتریارک لویس ڕافایل ساکۆ، وەک ئەوەی بەڕێز میلەر و وەزارەتی دەرەوە پێشنیاریان کرد، بێهودە دەبێت و پێشێلکارییەکی ئاشکرای دەستوورە کە عێراقییەکان و ئەمریکییەکان خەباتیان بۆ کرد و خۆیان کردە قوربانی بۆ پاراستنی ئەو دەستکەوتە. هەروەها هەموو هەوڵێک بۆ پتەوکردنی پێکهاتەی ناوخۆیی و چوارچێوەی یاسایی و دەستووری عێراق دەنرێت بەفیڕۆدەدات، عێراقییەکان مافی خۆیانە وەک وڵاتانی دیکە بە توندی بەرگری لە دەستوورەکەیان بکەن.
وتەبێژی سەرۆکایەتی کۆمار جەختیشیکردەوە لەوەی سەرۆک لەتیف جەمال ڕەشید پابەندە بە پاراستن و بەرزڕاگرتنی دەستووری عێراق، هەروەها بە یەکسانی مامەڵەکردن لەگەڵ هەموو عێراقییەکاندا بەبێ گوێدانە نەتەوە و بیروباوەڕ و ئایینیان.

بانکی ناوەندیی عێراق: قەرزە ناوخۆییەکان گەیشتووەتە ٤٧ ملیار دۆلار
پێت بانکی ناوەندیی عێراق: قەرزە ناوخۆییەکان گەیشتووەتە ٤٧ ملیار دۆلار
نرخی زێڕ بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە
دوات نرخی زێڕ بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە
پەیوەندیدار