یاسین خزر، پەرلەمانتاری گۆڕان لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان داوا لە سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی دەكات بە جدی بێنە سەر خەت و دەشڵێت: “بازرگانییەكەی گەورە لە نەخۆشخانە ئەهلییەكان هەیە”.
یاسین خزر لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، مەترسییەكی گەورە لەسەر كوردستان هەیە، چونكە ئێستا بازرگانییەكەی گەورە لە نەخۆشخانە ئەهلییەكان هەیە، بۆنموونە نەشتەرگەرییەكی منداڵبوون بە ملیۆنێك و 600 هەزار دینار دەكەن، كە لە هەموو دونیا شتی لەو جۆرە نییە.
وتیشی، “داوا دەكەم سەرۆكی حكومەتی هەرێم و جێگرەكەی بێنە سەر خەت و نەخۆشخانە ئەهلییەكان هیچیان تیا نەهێشتۆتەوە، بۆیە پێویستە نەخۆشخانە حكومییەكان توندوتۆڵ بكەن و پشتیوانی بكەن”.
ڕاشیگەیاند، “ئێستا بەشێكی پزیشكەكان بوون بە بار بەسەر میللەتەوە و بازرگانی دەكەن، چونكە لەگەڵ دەرمانخانە و بێهۆشكاری و نەشتەرگەری و پشكنینەكان شەریكن”.
دەشڵێت: “نەخۆشخانە هەیە بۆ نەشتەرگەرییەكی منداڵبوون ملیۆنێك و 600 هەزار دیناری وەرگرتووە، كە زیاتر لە 50 بەڵگەم لایە و جارێ ناوەكان نادركێنم و دەیاندەمە دەست داواكاری گشتی”.
ئاماژەی بەوەكرد، “پزیشكێك، كە لە سەرەتاییەوە تاوەكو زانكۆش تەواو دەكات لەسەر بودجەی حكومەت دەخوێنێت بە خۆڕایی، بەڵام دواتر لە نەخۆشخانەی ئەهلی نەشتەرگەرییەك بە 8 ملیۆن و 10 ملیۆن دینار دەكات”.
یاسین خزر ئاشكراشی كرد، سێ كەس لە كوردستان بازرگانی دەرمان دەكات، كە یەكیان یەكێتییە و یەكیان پارتییە و یەكێكی تریان مردووە و دەشڵێت: “ساڵان یەك نەخۆشخانەی ئەهلی لە هەولێر هەبوو، ئێستا 25 نەخۆشخانە هەیە، كە قسەم لەگەڵ وەزیری تەندروستی كردووە تاوەكو سنوورێكیان بۆ دابنێ”.