ئەمڕۆ چوارشەممە هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، “تۆمارکردنی چەکی هاولاتیان تاوەکو ٢١ی تەمووز بەردەوامە و دوای ئەو کاتە ڕادەگیرێت. وتیشی تا ئێستا هیچ بڕیارێک نییە بۆ درێژکردنەوەی ئەو وادەیە و ڕاستەوخۆ دوای ٢١ی تەمووز یاسای چەک دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.”
بەپێی مادەی ١٥ی یاسای ژمارە ٢ی چەک لە هەرێمی کوردستان کە لە ١ی ئازاری ٢٠٢٢دا لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە پەسندکرا، سزای هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت، یان دەستداریی چەکی ئاگرین یان تفاقکردنی، یان فرۆشتنی یان چاککردنەوە و دەستاودەستکردنی، بریتییە لە بەندکردن بە ماوەیەک لە یەک ساڵ کەمتر نەبێت و لە سێ ساڵ زیاتر نەبێت، هەروەها پێبژاردنێک لە دوو ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە پێنج ملیۆن دینار زیاتر نەبێت.
ئەوەش لەکاتێکدایە، بەگوێرەی یاساکە ئەو کەسەی چەک هەڵدەگرێت، پێویستە تەمەنی لە ٢١ ساڵ کەمتر نەبێت و کێشەی دەروونی و جەستەیی نەبێت، پێشینەی تاوان و ئەمنی نەبێت، هەروەها پاساوێکی گونجاوی هەبێت بۆ هەڵگرتنی چەک.
هاوکات، لەبارەی ئەو شوێنانەی کە زۆرترین چەکیان تێدا تۆمارکراوە ئاماژەی بەوەکرد، بە گشتی ژمارەیەکی ئیجگار زۆر هاوڵاتی چەکەکانیان تۆمارکردووە. تاوەکو هەفتەی ڕابردوو زۆرترین چەک لە پارێزگای دهۆک تۆمارکرا بوو کە تەنها لە چەند بنکەیەکی دهۆک نزیکەی چوار هەزار چەکی بێ مۆڵەت تۆمارکرابوو.
هێمن میرانی باسی لەوەکرد، “لە پارێزگای سلێمانی کەمترین ڕێژەی چەکی بێمۆڵەت لەلایەن هاوڵاتیانەوە تۆمارکراوە”