هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، كە لەلایەن نوری مالكی-یەوە سەرۆكایەتی دەكرێت داوا لە هەرێمی كوردستان دەكات دەستبەرداری سیاسەت و پرنسیپە نەگۆڕەكانی بێت، كە لە دوای 2003ەوە پەیڕەوی دەكات و جۆرێك لە “نیمچە سەربەخۆیی” هەبووە.
سەركردەیەكی هاوپەیمانی دەوڵەتی دەوڵەتی یاسا ڕایدەگەیەنێت، حكومەتی هەرێم ڕێگری دەكات لە سەپاندنی هەژموونی دەوڵەتی عێراقی بەسەر خاكەكەیدا لەڕێگەی بڵاوكردنەوەی هێزی سەربازی وڵات لەسەر سنوورەكانی باكوور لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و دەشڵێت: “ئەوە تاكە چارەسەرە بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵات”.
عەباس مالكی، سەركردە لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بۆ ئاژانسی (المعلومە) ڕاشیگەیاندووە، حكومەتی هەرێم بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو جەختی لە نیمچە سەربەخۆیی كردۆتەوە و ڕێگربووە لە هەموو هەوڵەكانی حكومەتی فیدڕاڵی بۆ سەپاندنی هەژموونی دەوڵەت لە كوردستان لەڕێگەی بڵاوكردنەوەی هێزی سەربازی لەسەر سنوورەكان یان سەرپەرشتی كردنی پڕۆژەكانی ئابووری و سامانی نیشتمانی وەك نەوت و غاز و هەروەها دەروازە سنوورییەكان.
ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەم قۆناغەی ئێسا تێیداین زۆر هەستیار و مەترسیدارە سەبارەت بە هەرێمی كوردستان پێش لایەنی تر، چونكە ئێران و توركیا ئێستا هەست بەوە دەكەن، كە كوردستان هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانییان.
ئەو سەركردەیەی دەوڵەتی یاسا، كە ئێستا هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەتیان بۆ پێكهێنانی پەرلەمان و حكومەت لەگەڵ كورد پێكهێناوە، پێی وایە، “عێراق ناتوانێت بەرامبەر بە ئێران و توركیا بوەستێتەوە، ئەوەش بەهۆی لاوازی چەك و تەقەمەنی و هەروەها سوپا لە ئاستی پێویستدا نییە”.
مالكی ئاماژەی بەوەشكردووە، پێویستە جۆرێك لە دڵنیایی بەو وڵاتانە بدرێت تاوەكو هەڕەشە لە ئاسایشی عێراقی نەكەن ئەوەش لە ڕێگەی بڵاوكردنەوەی سوپای عێراقی بە درێژایی سنوورەكان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و داواش لە حكومەتی هەرێم دەكات “بە سیاسەتی خۆیدا بچێتتەوە، كە خۆی لەدوای ساڵی 2003ەوە تاوەكو ئەمڕۆ دایناوە و پەیڕەوی دەكات”.
لە ئێستادا بەهۆی بوونی هێز و پارتە كوردییە ئۆپۆزسیۆنەكانی باكوور و ڕۆژهەڵاتی كوردستان لەناو خاكی هەرێمی كوردستان، بەردەوام خاكی هەرێمی كوردستان دەبەزێنرێت و چەندین ناوچە لەلایەن توركیا و ئێرانەوە بۆردومان دەكرێن و چەندان هاووڵاتیانی مەدەنی شەهید و بریندار بوون.
حكومەتی توركیا بە درێژایی دەیان كیلۆمەتر خاكی هەرێمی كوردستانی بەزاندووە بە بیانووی لێدانی گەریلاكانی پەكەكە و چەندین بنكەی سەربازی هێناوەتە ناو خاكی هەرێم و بەردەوامیش بۆردومانی ناوچە گوندنشینەكان دەكات و تەنانەت لە ڕێگەی درۆنەوە دەستی گەیشتووە بە بۆردومان كردنی سنووری ئیدارەی گەرمیان و ناوچەكانی شارباژێڕ، كە لەم ڕۆژانەدا كەسێك شەهید بوو، هاوكات 7 كەسیش بریندار بوون.
لای خۆشیەوە، كۆماری ئیسلامی ئێران دەستی نەپاراستووە لە بۆردومان كردنی بەشێكی ناوچە سنوورییەكان و لەماوەی ئەمساڵیشدا چەند جارێك شارۆچكەی كۆیە و ناوچەی زڕگوێزی لە سلێمانی بەهۆی بوونی بارەگای حزبە كوردییەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستانەوە بۆردومان كردووە و چەندین شەهید و برینداری لێ كەوتۆتەوە.
بەردەوام سەرۆكایەتییەكانی هەرێم و عێراق لەدوای بۆردومانەكان بەیاننامەی ناڕەزایی دەردەكەن و ڕایدەگەیەنن، كە ناهێڵن عێراق ببێتە گۆڕەپانی یەكلایی كردنەوەی ململانێكان و ڕێگە نادەن خاكی عێراق و هەرێم بەكاربهێنرێت بۆ هێرشكردنە سەر وڵاتانی دراوسێ و داواش لە وڵاتانی دراوسێ دەكەن هێزەكانیان لە خاكی هەرێم ببەنە دەرەوە.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا سوپای پاسدارانی ئێران هەڕەشەی هێرشكردنە سەر خاكی هەرێمی كوردستانیان كرد ئەگەر “هەرێم حزبە كوردیەكانی ڕۆژهەڵات چەك نەكات یان دەریان نەكات” و هەر ئەمەش بەرپرسانی هەرێم و عێراقی خستە گفتوگۆ و دانوستانی چڕوپڕەوە و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێم گەیشتە بەغدا و لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆبووە و لە ڕاگەیەنراوێكی سەرۆكایەتی هەرێمدا ئاماژە بەوەكرا، “نێچیرڤان بارزانی و محەمەد شیاع سودانی بە تەواوی هاوڕابوون، كە بە هیچ شێوەیەك رێگە بەهیچ جۆرە هەڕەشە و كردەوەیەكی سەربازی لە سنوورەكانی عیراق و هەرێمی كوردستانەوە بەرامبەر وڵاتانی دراوسێ نادرێت و بۆ ئەم مەبەستەش وەك هەمیشە هاوكاری و یارمەتی پێشكەش بە پەنابەران دەكەن، بەڵام رێگە بەبونی گروپی چەكدار لە هەرێمی كوردستان نادرێت”.
دوابەدوای ئەوەش محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق گەیشتە تاران و لەگەڵ هاوتا ئێرانییەكەی (ئیبراهیم ڕەئیسی) كۆبووەوە و ڕایگەیاند، پابەندن بە پرنسیپی دراوسێیەتی باش و ڕێگری لە بەكارهێنانی خاكی عێراق بۆ هێرشكردنە سەر وڵاتانی دراوسێ.