لەگەڵ نزیكبوونەوەی کۆتاییهاتنی کاتی پێکهێنانی هاوپەیمانیی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق، جموجوڵە سیاسییەکانیش زیادیان کردووە.
ئەمڕۆ شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی سەردانی بزوتنەوەی گۆڕانی کرد.
میدیای فەرمی گۆڕان بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەکەدا دوایین گۆڕانکارییەکانی دۆخی هەرێمی کوردستان و عێراق و بەتایبەتیش پرسی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە ناوچە دابڕێندراوەکان تاوتوێ دەکرێن.
بڕیارە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆش، شاندێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەولێر سەردانی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان بکات.
ئامانجی سەردانەکەش پرسی پێکهێنانی لیستێکی هاوبەشە لە نێوان حزبە کوردستانییەکاندا بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکاندا کە مانگی كانونی یەکەمی داهاتوو بەڕێوەدەچێت.