دوو پەرلەمانتاری یەكێتی چاویان بە ڕووفاتی ئەنفالكراوانی گەرمیان لە پەیمانگای پزیشكی داد لە بەغدا دەكەوێت و ڕایدەگەیەنن، كە چوار ساڵە پشكنینی (DNA)یان بۆ نەكراوە، كە پێویستی بە ملیار و نیوێك دینار هەیە.
كاروان یاروەیس، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی ڕایگەیاند، ئەو بۆکسانەی ریزکراون ڕوفاتی پیرۆزی ١٧١ ئەنفالکراوی گەرمیانن، چوار ساڵە لە پزیشکی دادی عێراقە بودجەیەکی پێویستە (ملیار و نیویک دینار) بۆئەوەی پرۆسەی DNAی بۆ بکرێ و بهێنرێتەوە گەرمیان.
ئەو پەرلەمانتارە ئەو دۆخە بە “مەرگەساتی مەرگەسات!” ناودەكات و دەڵێت: ئەمرۆ لەگەڵ پەرلەمانتار سۆزان مەنسور سەردانی بەرێوەبەرایەتی گشتی پزیشكی دادی عێراقمان كرد و لەگەڵ بەرێوەبەری گشتی پزیشكی دادی و بەرێوەبەری گشتی گۆڕە بەكۆمەڵەكانی عێراق كۆبوینەوە سەبارەت بە دوا هەوڵەكان بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی DNA و هێنانەوەی ١٧١ ڕوفاتی پیرۆزی ئەنفالكراوەكان بۆ گەرمیان.
ڕاشیگەیاند، بەداخەوە بەدەمەوەچوونی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوەكانی حكومەتی هەرێم ساردوسڕە و لایەنی عێراقیش گلەییان هەیە، كە نەهاتوونەتە پێشەوە بۆ پڕۆسەی DNA و هێنانەوەی ڕووفاتەكان.
ئاشكراشی كرد، تائێستا لەعێراقدا ٢٦٩ گۆڕی بەكۆمەڵ لە ٢٠٠٣ ەوە هەڵدراوەتەوە و لەم ژمارە زیاتریش ماوە هەڵبدرێتەوە، كە زیاتر گۆڕە بەكۆمەڵەكانی ئەنفال ئەكەوێتە سێگۆشەی سنوری پارێزگاكانی ( نەجەف، دێوانیە، سەماوە).
ڕوونیشی كردەوە، لە پزیشكی دادی عێراق جۆرەها تەرم هەن هی گۆڕە بەكۆمەڵەكانی عێراق ( ئەنفال، شیعەكان، ئێزیدیەكان، كۆیتیەكان، تاوانەكانی تیرۆر و داعش)، بەپرۆسەیەكی زانستی جیادەكرێنەوە و تۆمار دەكرێن، تەرمەكان بەجیا و جل و بەرگ و بەڵگەنامەكان بەجیا و هەموویشی داتاكانی دەخرێتە كۆمپیوتەرەوە.
ئەو پەرلەمانتارە كوردە جەختیشی كردەوە، تیمی هەڵدانەوە و دەرهێنانی ڕووفاتەكان و كاروباری پزیشكی دادی هەموو ڕاهێنراوی عێراقین و كوردیشیان تێدایە.