وەزارەتی بەرگری ڕوسیا ئەمڕۆ یەکشەممە ڕایگەیاند، کۆی زیانەکانی هێزەکانی ئۆکراینا لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردودا نزیکەی 730 سەرباز بوە کە سەرجەمیان لەلایەن هێزەکانیانەوە کوژراون.
وەزارەتی بەرگری ڕوسیا لە ڕاپۆرتی ڕۆژانەی خۆیدا بڵاویکردەوە، هێزەکانی ئۆکراینا ڕۆژی ڕابردو بەردەوام بوە لە هەوڵە شکستخواردوەکانی بۆ هێرشکردنە سەر میحوەرەکانی دۆنێتسک و کراسنی لیمان، هەروەها هێزەکانی ڕوسیا 15 هێرشیان بۆ سەر میحوەری دۆنێتسک بەرپەرچداوەتەوە، بەهۆیەوە 270 سەربازی ئۆکراینا کوژراون، هەروەها سێ هێرشیان بۆ سەر میحوەری کراسنی لایمان بەرپەرچدایەوە، کە نزیکەی 100 سەربازی ئۆکراینی کوژران.
هێزەکانی ڕوسیا شەش کۆگای تەقەمەنییان سەر بە یەکەکانی ئۆکراینا لە ناوچەکانی دۆنێتسک، لوگانسک، زاپۆریژیا و خێرسۆن تێکشکاند، هەروەها هێزەکانی سوپای ڕوسیا 89 یەکەی تۆپخانەی ئۆکراینایان کەوتە دەست کە پێگەی تەقەکردن و هێز و کەرەستەی سەربازی بون لە 124 ناوچەدا.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی بەرگری روسیا، بە گشتی لە سەرەتای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە تایبەتەکەوە، 455 فڕۆکە، 242 هێلیکۆپتەر، پێنج هەزار و 28 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، 426 سیستەمی موشەکی دژە فڕۆکە، 10 هەزار و 721 تانک و زرێپۆشی دیکە، هەزار و 138 موشەک هەڵگر، پێنج هەزار و 471 پارچە تۆپ و هاوەنی مەیدانی، 11 هەزار و 698 پارچەی تایبەتی ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانی ئۆکراینا تێکشکێندراون.