ئەمڕۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سودانی بەسەردانێکی فەرمی گەشتە دیمەشقی پایتەختی سوریا و لەگەڵ بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سوریا کۆبۆوە.
بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سوریا پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق بە تۆکمە و مێژوویی وەسفکرد و ستایشی گەلی عێراق و سەرکردایەتی ئەو وڵاتەی کرد کە لە سەختترین قۆناغەکاندا لە پاڵ سوریا وەستاون.
ئەسەد ئەوەشی خستەڕوو، ئەم سەردانە دەرفەتێک بۆ بنیاتنانی پەیوەندییەکی دامەزراوەیی و بواری هاریکاری و هاوکاری دوو قۆڵی دەڕەخسێنێت،
جەختیشی کردەوە: سووریا و عێراق تاوتوێی ڕێگاکانی پتەوکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکان دەکەن، ئەمەش ڕەنگدانەوەی لە سەر ئەو دوو وڵاتە دەبێت ،بەتایبەت بۆ سوریاو ئەوگەمارۆیانەی بەسەریدا سەپینراوە.
لای خۆیەوە محەمەد شیاع سودانی ئاماژەی بەوەکرد، ئاسایش و سەقامگیری هۆکارێکن کە پاڵ بە عێراق و سوریاوە دەنێت بۆ بەرزکردنەوەی هاوکارییەکانی نێوانیان، جەختیشیکردەوە لەسەر هەڵوێستی بەغدا بۆ پشتیوانیکردن لە دیمەشق هەروەها پاڵپشتی سوریا دەکەین بۆ باڵاکردنی هەژموونی خۆی بەسەر هەموو خاکەکەیدا.