وەزارەتی بازرگانی، دابەشکردنی بەشەئاردی پێنجەم ڕادەگەیەنێت و دەشڵێت: ”گەنمەكە خۆماڵی و هاوردەی ئەمریكی و ئوستڕاڵییە و ئاردێكی زۆر باشە و نانێكی زۆر جوانی لێ دێت.”
سەرچاوەیەک لەوەزارەتی بازرگانی بە (خەڵک ) ی ڕاگەیاند ئەو ئاردەی دابەشدەکرێت لەڕووی کوالیتییەوە زۆر باشەو نانێکی جوانی لی دروست دەکرێت ، داواکارم هاوڵاتیان وەریبگرن و تاقیبکەنەوە.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕاگەیاند: “لەم هەفتەیەدا دەست بە دابەشکردنی بەشەئاردی پێنجەمی ئەمساڵی بەشەخۆراک دەكرێت و لە رێگەی بریكارەكان دەدرێتە هاووڵاتییان.”
بەپێی ڕێنمایی وەزارەتی بازرگانی، هەر هاووڵاتییەك بڕی نۆ كیلۆ ئاردی بەر دەكەوێ ، لەبارەی چۆنێتی دابەشکردنەکەش وتی: “گەنمەکە زۆر باشە، پێكهاتووە لە گەنمی خۆماڵی و گەنمی هاوردەی ئەمریكی و ئوستڕاڵی، كە تێكەڵ كراوە.”
نەوزاد شێخ کامیل، دڵنیایی بە هاووڵاتییان دا و گوتی: “چونكە گەنمەكە زۆر باشە، بۆیە ئاردەکەش زۆر باشە و نانێکی زۆر جوانی لێ دێت و هەموو هاووڵاتییان دەتوانن بەكاری بهێنن.”
ساڵانە بەگشتی هەرێمی كوردستان بۆ بەشەخۆراكی مانگانە، پێویستی بە نزیكەی 650 هەزار تەن ئارد دەبێ.
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی ئاشكراشی كرد، لەپاڵ دابەشكردنی بەشەئاردی پێنجەم، ئێستا بەشەخۆراكی شەشەمیش لە رێگەی بریكارەكانی خۆراكەوە دابەش دەكرێت.