یەكێتی مامۆستایانی كوردستان داوا لە وەزیریی پەروەردە دەكات تاقیكردنەوەكانی وەرزی یەكەم بەهۆی بایكۆتی مامۆستایانەوە دوابخات.
یەكێتی مامۆستایانی كوردستان لە نووسراوێكدا، كە ڕۆژی 1ی ئەم مانگە ئاڕاستەی وەزیری پەروەردەی هەرێمی كردووە، ئاماژەی بەوەكردووە، “بەهۆی بایكۆتی مامۆستایانی پارێزگای سلێمانی و دواكەوتنی خوێندن لەو سنوورە، داواكارین لە بەڕێزتان بڕیاری دواخستنی تاقیكردنەوەكانی كۆتایی وەرزی یەكەم بدەن”.
هەر لە نووسراوەكەدا هاتووە، “وەك ساڵانی پێشوو لە مانگی یەك ئەنجام بدرێت”.
لەگەڵ دەستپێكردنەوەی دەوام لە مانگی ئەیلوولی ڕابردووەوە، پڕۆسەی خوێندن بەردەوام بووە بەبێ پچڕان جگە لە خۆپیشاندان و بایكۆتی چەند ڕۆژێكی مامۆستایان بۆ پلەبەرزكردنەوە و دامەزراندنی وانەبێژان.
بۆ بەدواداچوونی ئەو پرسە (خەڵك) پەیوەندی كرد بە ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردە و عەتا ئەحمەد، جێگری سەرۆكی یەكێتی مامۆستایان، بەڵام پەیوەندییەكانیان بەردەست نەبوون.