بەرگرى شارستانى زاخۆ رایدەگەیەنێت؛ ئەمڕۆ هەینى، لە سێ روداوى جیاوازدا سێ کەس لە ئاودا خنکاون، لە قەزاى خەباتیش منداڵێک لە زێى گەورەدا خنکا.
بەپێى راگەیەنراوەکەى بەرگرى شارستانى زاخۆ، کاتژمێر (4:30)ى خولەکى ئەمڕۆ هەینى، پەیوەندى بە تیمى مەلەوانى بەرگرى شارستانى زاخۆ کرا، بەهۆى بونى روداوێکى خنکان لە گوندى دولا، کە گەنجێکى تەمەت 15 ساڵى خەڵکى سێمێڵ لە ئاودا خنکاوە.
دەشڵێت: تیمى مەلەوانى بە زوترین کات گەیشتنە شوێنەکە و دواى گەڕان توانیان تەرمى گەنجەکە بدۆزنەوە و رەوانەى نەخۆشخانەی داد لە زاخۆ کرا.
ئاشکراشى کردووە، لە هەمان کاتدا کەسێکى دیکە کە تەمەنى 15ساڵە لە گوندى باکرما لە ئاودا خنکاوە و تەرمەکەى دۆزراوەتەوە.
بەپێى راگەیەنراوەکە، کەسێکى دیکە کە رەگەزى مێیە لە (روبارى گەورە)ى زاخۆ خنکاوە و گەڕان بۆ دۆزینەوەى تەرمەکەى بەردەوامە.
هاوکات، لە زێى گەورەى قەزاى خەبات منداڵێک خنکا و لەلایەن تیمەکانى بەرگرى شارستانى و هاوڵاتییانەوە تەرمەکەى دەرهێنرایەوە.