کاوە عەلی، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە ڕایگەیاند، ”ئەوەی لەبەردەستی ئێمەیە، لە ساڵی ٢٠١٠ەوە بۆ ٢٠٢٣، ٤٧ پڕۆژەی پەرەپێدانی پارێزگامان هەبووە، کە هەندێکیان هی ساڵانی ڕابردوون و تەنیا ٢٤ پڕۆژە هی ساڵی ٢٠٢١ و ٢٠٢٠ن”
ئەوە لەکاتێکدایە، کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیاندنی کار و چالاکییەکانی چوار ساڵەی خۆیدا، ئاماژەی بەوە کردووە، تاوەکو ئێستا ١١٣ پڕۆژە لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە جێبەجێ کراون.
کاوە عەلی دەشلێت، لەسەر بودجەی وەبەرهێنان ئەو پڕۆژانەی دەستبەکار بوون، ژمارەیەکی زۆریان پڕۆژەی کۆنن و تەنیا چواریان پڕۆژەی نوێن، ”کە دووانیان پڕۆژەی ستراتیژین و هێشتا دەستبەکار نەبوون.
دەستەی وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوژمەی ئەو ١١٣ پڕۆژەیەی سنووری پارێزگای هەڵەبجەی بە ٣١٩ ملیار و ٤٣٤ ملیۆن دینار راگەیاندووە، کاوە عەلی لەوبارەوە وتیشی، ”نەک ئەوەندە جێبەجێ نەکراوە، بەڵکو بە گوژمەی کەمتر لە ١٠ ملیار دینار، پڕۆژەکان لە سنووری ئەم پارێزگایە جێبەجێ کراون و خەرجییەکەیان گەیشتووەتە دەستی بەڵێندەران” جێگری پارێزگاری هەڵەبجە باس لەوە دەکات، پێویستە لەگەڵ داتای تایبەت بە پڕۆژە و گوژمەکان، ناوی پڕۆژەکانیش بخرێتەڕوو بەتایبەتی بۆ پڕۆژە ستراتیژییەکان”.