ئێران پێداچوونەوە بە یاسای “حیجاب”دا دەكات



كۆماری ئیسلامی ئێران پۆلیسی ئاداب هەڵدەوەشێنێتەوە و پێداچوونەوەش بە یاسای “حیجاب” باڵاپۆشیدا دەكات.

بەپێی سەرچاوەكان هەریەكە لە پەرلەمانی ئێران و دەسەڵاتی دادوەری ئێران بڕیاریانداوە پێداچوونەوە بە یاسای باڵاپۆشیدا بكەن و پۆلیسی ئادابیش هەڵبوەشێننەوە.

محەمەد جەعفەری داواكاری گشتی ئێران ڕایگەیاند پۆلیسی ئیرشاد كە بە پۆلیسی ئاداب دەناسرێن لەلایەن دەسەڵاتی تایبەتمەندەوە هەڵدەوەشێنرێتەوە.

ناوبراو لە شاری قوم ڕایگەیاند، پۆلیسی ئیرشاد پەیوەندی بە دەسەڵاتی دادوەرییەوە نییە نە دروستبوونەكەی، نە هەڵوەشاندنەوەكەی، بەڵام ئەوە لەلایەن دەسەڵاتی تایبەتمەندەوە دەكرێت.

گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی كچە كوردی شاری شەقز كاتی دەستگیركرانی لەلایەن پۆلیسی ئێرشادەوە شەپۆلێكی ناڕەزایەتی نزیك بە سێ مانگەی لە ناوەوە و دەرەوەی ئێران بەڕێخستووە، بۆیە تاران ناچاربووە پێداچوونەوە بە یاساكانی باڵاپۆشیدا بكات.

لە ساڵی 1983دا دوای چەند ساڵێك لە هاتنەسەركاری دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی ئێران، یاسای باڵاپۆشی چووە بواری جێبەجێكردنەوە.

بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پۆلیسی ئیرشاد و پیداچوونەوە بە یاسای باڵاپۆشی، لە کاێکدایە، بەپێی تۆمارێکی دەنگی دزەپێکراو ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئێرانی نیگەرانی خۆیان لە ماندووبوونی هێزە ئەمنییەکان بەدەست هاووڵاتیانەوە دەربڕیوە، کە لە ٢٢ پارێزگای ئێراندا سەرکوتکردنی ناڕازییان و مانگرتن بەڕێوەدەبەن.

لەلایەکی دیکە بە پێی ئاماری ڕێکخراوی چالاکانی مافی مرۆڤ لە ئێران، کە ڕێکخراوێکی ئەمەریکایە و لە سەرەتای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانەوە بە وردی چاودێری ناڕەزایەتییەکان دەکات، لە سەرەتای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانەوە، ٤٥١ خۆپیشاندەر کوژراون کە ٦٣یان منداڵن و زیاتر لە ١٨ هەزار کەسیش دەستگیرکراون.

ژەنەراڵێکیش لە “سوپای پاسداران”، ڕایگەیاندووە، لە سەرەتای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانەوە تا ئێستا سەدان ئەندامی هێزە ئەمنییەکان لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ خۆپیشاندەران گیانیان لەدەستداوە.

 

 

پارەی بەشەخۆراك لەسەر بریكارەكان زیاد دەكرێت
پێت پارەی بەشەخۆراك لەسەر بریكارەكان زیاد دەكرێت
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلم لە دهۆك بەردەوامە
دوات فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلم لە دهۆك بەردەوامە
پەیوەنیدر