مووچه‌ قووتی خه‌ڵكه‌ و دانوستاندن له‌سه‌ر یه‌ك فلسی ناكرێت



سوپا سەلام/ توێژەری دكتۆرا لە دارایی گشتی

به‌ڕێز (ئاوات شێخ جه‌ناب) وه‌زیری دارایی و ئابووری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌رنامه‌ی باسی رۆژ له‌ كه‌ناڵی كوردستان24،چه‌ندان ته‌وه‌ری دارایی تاوتوێكرد،ئه‌وه‌ی مایه‌ی هه‌ڵوه‌سته‌ له‌سه‌ركردن بوو،به‌ڕێزیان ده‌ڵێن”كاتێك كابینه‌ی نۆیه‌م ده‌ستبه‌كار بوو، سێ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی كوردستان نه‌درابوو، كه‌ ئه‌مه‌یش بووه‌ قه‌رز و كه‌وته‌ ئه‌ستۆی كابینه‌ی نۆیه‌م، روونیشیكرده‌وه‌، كابینه‌ی نۆیه‌م له‌ كۆی 48 مووچه‌ كه‌ ده‌بوو له‌ ماوه‌ی چوار ساڵدا بیدات، توانیویه‌تی 43 مووچه‌ به‌ ته‌واوه‌تی بدات و ئه‌و پێنجه‌ی ده‌مێنێته‌وه‌، ده‌كه‌وێته‌ ناو چوارچێوه‌ی ئه‌و بارودۆخه‌ی به‌هۆی دابه‌زینی نرخی نه‌وت و كۆرۆنا و بڕینی شایسته‌كانی هه‌رێم له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ دروست بوو”

ئه‌م ده‌ربڕینه‌ ره‌نگه‌ بۆ خه‌ڵكی ئاسایی به‌ سانایی تێپه‌ڕێت،وه‌لی بۆ خه‌ڵكی ئه‌كادیمی كاره‌ساته‌ چونكه‌:
یه‌كه‌م:كاتێك سێ مووچه‌ی قه‌رزی كابینه‌ی پێشوو به‌ میراتی بۆ ئه‌م كابینه‌یه‌ ماوه‌ته‌وه‌،هاوكات سه‌دان بڕگه‌ی وه‌ك (قه‌رزی ئاو،كاره‌با،باج،پێشینه‌كان…هتد) بۆ ئه‌م كابینه‌یه‌ش ماوه‌ته‌وه‌ كه‌ سه‌رچاوه‌ی داهاتن بۆ حكومه‌ت.

دووه‌م:ناچمه‌ ناو ورده‌كاری زیادكردنی سه‌رجه‌م جۆره‌كانی باج و ره‌سم كه‌له‌ماوه‌ی ئه‌م چوار ساڵه‌دا دوو هێنده‌ زیادی كردووه‌،به‌ڵام به‌ وته‌ی خۆیان له‌م كابینه‌یه‌دا(له‌ ساڵی 2022دا داهاتی گومرگی هه‌رێمی كوردستان بووه‌ته‌ تریلیۆنێك و شه‌ش سه‌د و حه‌فتا و هه‌شت ملیار دینار، بەراورد بەساڵی 2019 لەسه‌دا 43 زیادی کردووە‌).

سێهه‌م:هه‌ر به‌وته‌ی به‌ڕێزیان (تا ئێستا 4189 مووچه‌ یه‌كلاییكراوه‌ته‌وه‌، كه‌ مووچه‌ی نایاسایی بووه‌، ئه‌گه‌ر له‌ دوای 1ـی ته‌ممووزی 2020 ئه‌و مووچانه‌ وه‌رگیرابن، له‌ خاوه‌نه‌كانیان وه‌رده‌گیرێته‌وه‌).

چواره‌م: هه‌ر خۆیان ده‌ڵێن(لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا نزیکەی 275 ملیۆن دۆلار خەرجی ناپێویست کەمکراوەتەوە)كه‌ له‌ زانستی داراییدا كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجی گشتی به‌فیڕۆ نه‌چوون و گه‌شه‌كردنی داهاتی وڵاته‌.

پێنجه‌م: له‌كۆتایی ئه‌و دیمانه‌یه‌دا ده‌ڵێت(لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا بەهای ئاڵوگۆڕی بازرگانی زیاتر لە دوو ترلیۆن دینار زیادی کردووە)!

ئه‌مانه‌ و چه‌ندان ته‌وه‌ری دیكه‌ كه‌ ئاماژه‌یان پێكرا وه‌ك دانه‌وه‌ی قه‌رزی كۆمپانیاكان و بنه‌بڕكردنی خانه‌نشینی نایاسایی و رێكخستنی داهاتی كاره‌با و…هتد، له‌كاتێكدا خه‌رجی گشتی كه‌مكرابێته‌وه‌و داهاتی گشتی به‌وشێوه‌یه‌ زیادی كردبێت،پێدانی 43 مووچه‌ له‌ كۆی 48 مووچه‌ له‌م كابینه‌یه‌دا خاڵی لاوازیه‌،چونكه‌ كاره‌ساته‌ شه‌ست رۆژ مووچه‌خۆر برسی بكرێت و شه‌رمه‌زاری لای خانه‌واده‌ و كۆڵان و خاوه‌ن موه‌لیده‌ و ساحێب خانوو بكرێت،كه‌چی ئه‌دای ئه‌م وه‌زاره‌ته‌ به‌سه‌ركه‌وتوو هه‌ژماربكرێت،چونکە مووچه‌ سەرەڕای ئەوەی لە زۆبەی سیستەمی دارایی ولاتان بابەتێکی سیادیە،هاوکات قووتی خه‌ڵكه‌ و دانوستاندن له‌سه‌ر یه‌ك فلسی ناكرێت.

تێبینی: ئێمه‌ ئه‌كادیمیانه‌ شرۆڤه‌ی پۆینته‌كان ده‌كه‌ین هه‌قمان به‌سه‌ر ئایدۆلۆجیا حزبیه‌كه‌وه‌ نیه

مووچه‌ قووتى خه‌ڵكه‌ و دانوستاندن له‌سه‌ر یه‌ك فلسی ناكرێت
پێت مووچه‌ قووتى خه‌ڵكه‌ و دانوستاندن له‌سه‌ر یه‌ك فلسی ناكرێت
ئەردۆغان هەڵوێستی لەسەر نەوتی هەرێم ڕاگەیاند
دوات ئەردۆغان هەڵوێستی لەسەر نەوتی هەرێم ڕاگەیاند
پەیوەنیدر