نرخی كارەبای نیشتمانی لەسەر هاووڵاتیان زیادكراوە؟



به‌پێی رێنماییه‌كی وه‌زاره‌تی كاره‌بای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نرخی كارەبای نیشتمانی بەڕێژەی زیاتر لە 300% لەسەر هاووڵاتیان زیادكراوە، بەڵام وەزارەتی كارەبا ڕەتی دەكاتەوە و دەڵێت: “زیاد نەكراوە”.

بەپێی ڕێنمایی ژمارە (1ی 2023)ی وەزارەتی كارەبای هەرێم، كە لە مانگی حوزەیراندا دەرچووە و پشتی بە نووسراوی ئەنجوومەنی وەزیران بەستووە، نرخی كارەبای نیشتمانی لەسەر هاووڵاتیان زیادكراوە بەجۆرێك “نرخی كرێی كاره‌بای ماڵان بۆ 1 تا 450 كیلۆ وات له‌ 18 دیناره‌وه‌ بۆ 60 دینار به‌رزبووه‌ته‌وه‌”.

عەلی حەمەساڵح، ئەندامی دەستلەكاركێشاوەی پەرلەمانی كوردستان لە پەیامێكدا بۆ سەرۆكی حكومەت دەڵێت: “كرێی كارەبا 330٪ بۆ ماڵان زیادی كردووه و بۆ پرۆژەکانی نیشتەجێبون نزیکە 850٪ زیادی کردووە”.

دەشڵێت: “سیتییەکان دەکرێتە 24 کاتژمێری و تەساعودیش نیە! لە سلێمانی 156 دینار و لە هەولێر 175 دینار!”.

جەختیشی كردۆتەوە، “ئەمە بارگرانیەکی ئێجگار گەورەیە. من دژی زیادەڕویم، بەڵام ئەم زیادکردنە بەم بڕە زۆر خراپە خەڵک توانای نییە”.

وەزارەتی كارەیای هەرێم لە ڕوونكردنەوەیەكدا سەبارەت بە زیادكردنی كرێی كارەبا ڕایگەیاندووە، “هەندێ پەیجی سۆشیال میدیا بۆ لاڕێدا بردنی ڕای گشتی و خۆ دەرخستن و لە پێناو هەندێ لایک و فالۆو دەستیان بە بڵاوکردنەوەی هەواڵی بێ بنەما و ناڕاست لەبارەی کرێی کارەبا کردووە”.

وەزارەتی کارەبا، هاووڵاتیان و هاوبەشانی کارەبا بە هەموو پۆلەکانییەوە دڵنیا دەکاتەوە بە هیچ شێوەیەک گۆڕانکاری لە نرخی کارەبا نەکراوە و تەنیا ئەو یەکە نیشتەجێبووانەی بە High Cost ناسراون، لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی نموونەیی ئەزموونەییدا کارەبایەکی 24 کاتژمێرییان بۆ دابین کراوە و چاودێریی دەرئەنجامەکانیشی دەکەین. بۆ پشتڕاست کردنەوەی ئەم بابەتە، بووەتە بڕیار و لە وەقایعیی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.

وەزارەتی کارەبا دەشڵێت: “بە مافی خۆی دەزانێت سکاڵا لەسەر ئەوانە تۆمار بکات هەواڵ و زانیاریی ناڕاست و مەبەستدار لەبارەی کار و چالاکییەکانی ئەم وەزارەتە خزمەتگوزارییە بڵاو دەکەنەوە”.

ناوخۆی عێراق خوولی مەشق و دامەزراندنی بۆ دەرچووانی زانكۆ ڕاگەیاند
پێت ناوخۆی عێراق خوولی مەشق و دامەزراندنی بۆ دەرچووانی زانكۆ ڕاگەیاند
مۆڵەتی پێنج ساڵ دەدرێتە کارمەندانی تەندروستی
دوات مۆڵەتی پێنج ساڵ دەدرێتە کارمەندانی تەندروستی
پەیوەنیدر