قائیمقامیهتی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، كه بەشی زۆری ئەو خوێیەی لە بازاڕەکاندایە بۆ خواردن شیاو نییە و جەختیشدەكاتەوە، ئەو کارگە ناوخۆییانەی مۆڵەتی کارکردنیان نییە دابخرێن و رێگە نەدرێت بەبێ پشکنین و دڵنیابوونەوە لە کوالێتییەکەی خوێ لە پارێزگاکانی ترەوە هاوردەی سلێمانی بکرێت.
قائیمقامیهتی سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ئهمڕۆ چوار شهممه 12ی تهمموزی 2023، ئاوات محهمهد، قائیمقامی سلێمانی لەگەڵ بەرێوهبەر و نوێنەری چاودێری بازرگانی و تەندروستی و کوالێتی کۆنتڕۆڵ و پیشەسازی و گومرگ و نوێنەری کۆمپانیاکانی پشکنین و لیژنە هاوبەشەکان تایبەت بە جۆر و کوالێتی ئەو خوێیانەی لە بازاڕەکاندا هەن کۆبۆوە.
ڕاشیگەیاندووە، “دوای باسکردنی وردەکاری بابەتەکە، دەرکەوت بەشێک لەو خوێیەی تایبەتە بە پیشەسازی، لە هەندێک لە کارگەکاندا دەستکاری کراوە و بە خوێی خۆراکی دراوە بە هاووڵاتیان، دوای پشکنین دەرکەوتووە بەشی زۆریان بۆ خواردن شیاو نین و زیانی تەندروستیان هەیە”.
هەر لە کۆبونەوەکەدا بڕیار لهسهر ئهم خاڵانه دراوه:
1- ئەو کارگە ناوخۆییانەی مۆڵەتی کارکردنیان نییە دابخرێن.
2- لیژنەیەکی پسپۆڕ لە فەرمانگە پەیوەندیدارەکان پێداچونەوە بە کاری کارگە مۆڵەتپێدراوەکاندا بکەنەوە بۆئەوەی خوێ بە کوالێتی بەرز بخەنە بازاڕەکانەوە، ئەگەر پابەندی مەرج و رێنماییەکان نەبوون رێکاری یاساییان لەگەڵ دەگیرێتەبەر.
3- کۆمپانیاکانی پشکنین لە خاڵە سنوورییەکان بەرپرسن لە کوالێتی ئەو خوێیەی هاوردەدەکرێت و رێگەنەدرێت خوێی پیشەسازی بەبێ مۆڵەتی پێشوەختە هاوردەبکرێت.
4 – رێگەنەدرێت لە مەرزە لاوەکییەکانەوە مادەی خۆراکی بەتایبەت خوێ هاوردەبکرێت.
5- رێگە نەدرێت بەبێ پشکنین و دڵنیابوونەوە لە کوالێتییەکەی خوێ لە پارێزگاکانی ترەوە هاوردەی سلێمانی بکرێت.