ئەیوب بارزانی: هەرێم بە هێواشی بەرەو هەڵوەشاندنەوە دەچێت



نوسەر و سیاسەتمەدارێکی کورد هۆشداری لەبەرامبەر هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستاندا دەدات و لایەنەکان بە هۆکاری لاواز بوونی قەوارەکە دادەنێت.

ئەیوب بارزانی، سیاسەتمەدار و نوسەری کورد، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند” ئەم ئەزموونە هەر لەسەرەتاوە بە هەڵە هاتووە، لەوانە بابەتی پەنجا بە پەنجا و تەزویرات لە هەڵبژاردن، دوو ئیدارەیی و دوو هێزی پێشمەرگەو ئەمنی، دوو سەر ( هەردوو سەرکردەی سیاسی بارزانی و تاڵەبانی)، کە لەگەڵ ئەو پەندەیا یەک دەگرێتەوە دوو سەر لە یەک مەنجەڵدا ناکوڵێت، بۆیە لە ئێستادا هەرێم بە قۆناغی هەڵوەشانێکی هێواش هێواشدا تێدەپەڕێت.”

 

پێگەی هەرێم لە ڕوانگەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیەوە

ئەیوب بارزانی سەبارەت بە پشتگیری و ڕۆڵی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ مانەوە و بەرەو پێشچوونی هەرێمی کوردستان، ڕای وایە، لە ئێستادا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێ هیوابوون لە چاکسازی دەسەڵاتی سیاسی و دەڵێت: “هۆکارە دەرەکیەکان لەسەرەتادا پۆزەتیف بوو دەیانەویست هەرێم لە ڕووی ئابووریەوە گەشە بکات و ئارام بێت، بەڵام لە ئێستادا کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بێ هیوابوون لە چاکسازی سەرکردەکان، گەشتنە ئەو ڕاستیەی سەرکردایەتی سیاسی وەک ئاغا و میراتگر هەرێم بەڕێوەدەبەن، گەشتنە ئەو باوەڕەی کە ئەمانە ناگۆڕێن بۆیە وردە وردە سارد بوونەوە.”

هەروەها وتیشی” ڕێگە گرتن لە سەرۆکی پەرلەمان لە 2015 دا کاریگەری زۆری هەبوو بۆ بێ ئەرزشکردنی سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان، سەرباری ئەوەی کە ئەندامانی پەرلەمان پیاوی خۆیان بوون، بەڵام ڕێزی ئەوانیشیان نەگرت کە کادری خۆیان بوون.”

هەرچەندە وڵاتانی دەرەوە و نەتەوە یەکگرتووەکانیش چەندین جار هۆشداریان داوەتە حکومەتی هەرێم لە بەرامبەر خراپی دۆخی هەرێم، بەڵام لە مانگی 6 ی ئەمساڵ ئەلینە ڕۆمەناوسکی باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق، لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ بەشێک لە ڕۆژنامەنووساندا لە سلێمانی ڕایگەیاند “هێشتا هەرێمی کوردستان ستراتیژەو ئەوان هاوبەشمانن.”

لە مانگی ڕابردووش دان بەیکن یاسادانەری کۆمارییەکان بە ماڵپەری هەواڵی میدڵ ئیست ئای ڕاگەیاندبوو یاسادانەرانی ئەمەریکا داوایان کردووە سیستەمی بەرگری ئاسمانی بۆ هێزی پێشمەرگەی هەرێم دابین بکرێت.

 

پرسی ئازادی ڕادەربڕین لە هەرێمی کوردستاندا

سەبارەت بە ئازادی ڕادەربڕین و کاری ڕاگەیاندن ئەیوب بارزانی پێی وایە، ئازادی سنوردارکراوە و مەودای ئازادی بەرتەسک کراوەتەوە و دەڵێت “بە گوتار باس لە ئازادی ڕادەربڕین دەکرێت بەڵام بە کردار وانییە. وایان لە ڕۆژنامەنووسانی خۆیان کرد کە ببنە سێبەری دەسەڵات و خزمەتی خۆیان بکەن. ئەوەی بە دڵی دەسەڵات نەبێت لەمپەری بۆ دادەنێن، بەو شێوەیە پەروەردەیان کردن کە ڕۆڵیان هەبێت لە بە مەرجەع کردن و گەورەکردنی سەرۆکەکاندا.”

 

دەستێوەردانی هەرێمی

هەرچەندە هەرێمی کوردستان وەک هەرێمێکی فیدڕال خاوەن شەرعیەتی یاسایی و دەستوری خۆیەتی، بەڵام بەردەوام ڕووبەڕووی هەڕەشەو هێرشی وڵاتانی هەرێمی دەبێتەوە. بە بڕوای ئەیوب بارزانی ئێران و تورکیا ناڕازی نین لە خراپی دۆخی هەرێمی کوردستان و دەڵێت ” ئەم دۆخەی ئێستای هەرێم بە سیستەمەکەیەوە بە دڵی تورکیا و ئێرانە وهیچ نیگەرانییەکیان نییە لە دۆخەکە، لە سایەی ئەم حوکمڕانییەدا هەردوو وڵات بەرژەوەندیەکانی خۆیان مسۆگەرکردووە، ترسیان نییە لەوەی قەوارەی هەرێم ببێتە هیچ. ئێران و تورکیا دەیانەوێت ئەم دۆخە وا بمێنێتەوە تاوەکو چارنوسی سیاسەت و مانەوەی ئەمەریکا لە ناوچەکە بە تەواوەتی ڕوون دەبێتەوە، ئەگەر هەژموونی ئەمەریکا لە ناوچەکە نەمێنێت ئەوا پەیوەندی و تێڕوانینیان لەگەڵ کورد دەگۆڕێت.”

ئێران و تورکیا بەردەوام هێرشی ئاسمانی و مووشەکی دەکەنە سەر خاکی هەرێمی کوردستان بە پاساوی هەبوونی هێزە چەکدارە کوردەکانی دژ بە وڵاتەکانیان.

 

ڕۆڵی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان و شەقام لە گۆڕانکاری لە هەرێمی کوردستاندا

هەرچەندە لە گۆڕەپانی سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا چەندین حزبی ئۆپۆزسیۆن بوونیان هەیە و لە ڕابردووشدا گۆڕان یەکێک بوو لەو هێزە کاریگەرانەی کە وەک حزبێکی ئۆپۆزسیۆن توانی 25 کورسی پەرلەمانی بباتەوە، بەڵام بە ڕای ئەو نووسەرە گۆڕان ڕۆڵێکی خراپی بینیوە لە بێ هیوابوونی دەنگی خەڵکی ناڕازی و دەڵێت “هێزی بەدیل هەبوو کە گۆڕان بوو، بەڵام لە نیوەی ڕێگاکە گەڕایەوە و هەمووشتێکی تێكدا، بزوتنەوەی گۆڕان گورزێکی گەورەی لە پڕۆژەی گۆڕانکاریدا لە هەرێمی کوردستاندا.”

پێشی وایە ئەستەمە گۆڕانکاری لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە بکرێت و دەڵێت” بە ڕەهایی باوەرم وایە کە گۆڕانکاری لەڕێگەی هەڵبژاردنەوەوە ناکرێت لە هەرێم، چونکە بە ڕەهایی ڕێز لە ئەنجامی هەڵبژاردن ناگیرێت، هەر لە جەوهەردا باوەڕیان بە هەڵبژاردن و گۆڕانکاری نییە، ڕێگە نادەن بە ڕای ئازادی خەڵک، خەڵک لەلای ئەوان مێگەلە و دەبێت گوێڕایەڵ بێت بە درێژایی ئەو 32 ساڵە دیدیان بۆ بابەتەکە نەگۆڕاوە بەتایبەت لە ناوچەکانی بادینان، چونکە دیدی خێڵەکی لە بادینان بەهێزترە، بەڵام لە سلێمانی ڕەخنە هەیەو دۆخەکە ئازادترە.”

شایانی باسە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو لە زۆربەی شارەکانی هەرێمی کوردستاندا بە پارێزگای دهۆکیشەوە خەڵک بۆ داواکاری مافەکان و خۆشگوزەرانیان چەندین جار خۆپیشاندانیان ئەنجام داوە.

لە وتووێژەکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا ئەیوب بارزانی دەشڵێت تەنها چارەسەر بۆ باشتر بوونی دۆخی هەرێمی کوردستان “شۆڕش”ی مەدەنییە و ڕایگەیاند”دەبێت شۆڕشێکی گەورە بکرێت بە پرۆژەیەکی باشەوە، شەقام بجوڵێت لە هەموو هەرێم بەتایبەت لە هەولێر، ئەو چەقبەستوویە نەمێنێت، ڕێگە نەماوە لەبەردەم خەڵکیدا ئیلا شۆڕش نەبێت، شۆڕشەکە دەبێت شۆڕشی سپی بێت و ئاشتیخوازانە بێت، زۆربەی گەلانی دنیا بەشۆڕش توانیویانە لەم دۆخانە خۆیان ڕزگار بکەن.”

ئەم لێدوانەی ئەیوب بارزانی لەکاتێکدایە سیستمی فەرمانڕەوایەتی هەرێمی کوردستان سیستمێکی پەرلەمانییە و هەموو لایەنە سیاسییەکان بەشدارییان لە هەڵبژاردندا کردووە و ئێستاش هەر هەموویان داوا دەکەن هەڵبژاردن بکرێت هەرچەندە ناکۆکن لەسە رشێوازی بەڕێوەبەردنی هەڵبژاردنەکان.

سەبارەت بە پرسی نەتەوەییش ئەو نووسەرە ڕایگەیاند”کورد پێویستی بە ستراتیژێکی هاوبەش هەیە، دوور لە دەست تێوردانی حزبی و هەژموونی وڵاتانی دەرەوە، ئەگەر ئەمە نەکرێت کورد هەمووی دەبێتە دوژمنی یەکتر.”

بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما هاوڵاتییەک بڕیارێکی سەیر دەدات
پێت بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما هاوڵاتییەک بڕیارێکی سەیر دەدات
تەندروستی سلێمانی ئاماری شەش مانگی تووشبوون بە شێرپەنجەی بڵاوکردەوە
دوات تەندروستی سلێمانی ئاماری شەش مانگی تووشبوون بە شێرپەنجەی بڵاوکردەوە
پەیوەنیدر