*ئەحمەد مەحمود
پرۆژەی ڕاهێنانی مامۆستایان یەكێكە لەو پرۆژانەی كە لەئێستادا وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان تەبەننی دەكات و دەیەوێت كاری لەسەر بكات بەمەبەستی بەرەوپێش بردنی توانای مامۆستایان لە ڕووی چۆنیەتی وتنەوەی وانە و بەكارهێنانی میتۆدوشێوازە نوێیەكانی وانە وتنەوە ئەوەی كە ناسراوە بە (دیداكتیك).
لە ڕاستیدا پرۆژەكە گرنگی خۆی هەیە ئەگەر بەباشی كاری لەسەر بكرێت خزمەتی باش دەكات و مامۆستایان ڕادەهێنێت لەسەر ئەوەی كە چیدی بەشێوازی تەقلیدی و كۆن وانە نەڵێنەوەو ئەدای وانەكەیان بكەن لەسەر بنەمای میتۆدوتەكنیكە هاوچەرخەكان ، ئەوەی كە له وڵاتانی پێشكەوتوو چەندین ساڵە كاری لەسەر دەكرێت ، بەمەش پۆل جۆرێك لە جووڵەو زیندوویەتی پێوە دیار دەبێت و قوتابیان وخوێندكارانی خۆشەویستیش لە بێزاری ناو پۆل رزگاریان دەبێت و دەبنە چەقی پرۆسەی فێربوون وفێركردن .
پوختەی پرۆژەكە ئەوەیە كە مامۆستایانی هەڵبژێردراو ئامادە دەكرێن بە بینینی دەیان وانەی ڕاهێنان لە چوارچێوەی خول وڕاهێنان دا لەسەر تەكنیكە نوێیەكانی وانە وتنەوەو دواتر هەر مامۆستایەكی ڕاهێندراو نزیكەی ( 10 ) قوتابخانە دەخرێتە ئەستۆی . ئەم مامۆستا ڕاهێندراوانە هەفتانە یەك كاتژمێر لەهەر قوتابخانەیەك مامۆستاكان كۆدەكەنەوەو ئەوەی كە وەریان گرتووە لەوێ ئەدای دەكەن و ڕاهێنان بە مۆستایان دەكەن و دواجاریش هەڵسەنگاندنی مامۆستایان دەكەوێتە ئەستۆی ئەم ڕاهێنەرانە كەلە ساڵەكەدا بە دوو قۆناغ ئەنجام ئەدرێت لە دوای هەفتەی شەشەم و هەفتەی دەیەمی ساڵی خوێندن .
بەپێی زانیارەیەكانم بەڕێز وەزیری پەروەردە بڕیاری داوە پشتگیری تەواوی پرۆژەكە بكات و لەسەرەتای ساڵی خوێندنی 2023 – 2024 بەفەرمی ڕایبگەیەنێت و بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
وەك سەرەتا ئاماژەم پێدا ئەم پرۆژەیە گرنگی خۆی هەیە و بێگومان خزمەتی گەورە دەكات بە كەرتی پەروەردە و قوتابیش دەكاتە چەقی فێربون و فێیركردن ومامۆستایان ڕزگاردەكات لە شێوازی تهقلیدی وانە وتنەوە كە بەداخەوە تا ئێستاش لە كوردستان كاری لەسەر دەكرێت .
لەگەڵ ئەوەی كە پرۆژەكە كارێكی گرنگ و باشەو خزمەت دەكات بەڵام بێ كەم وكورتی نییە ، كە لەچوارچێوەی ئەم چەند خاڵە كۆمەڵێك كهم وكورتی و سهرنجی گرنگ لەسەر پرۆژەكە دەخەمە ڕوو:
یەكەم: ناڕوونی پێوهرو میكانیزمی مامۆستایانی ههڵبژێردراو وهكو ڕاهێنهر:
ئایا ئەو مامۆستایانەی كە هەڵدەبژێردرێن ببەنە ڕاهێنەر بە چ پێوەر ومیكانزمێك هەڵدەبژێردرێن یاخود هەڵبژێردراون ؟ ئایا لەسەنتەری شارەكان و دەرەوەی شارەكان بەیەك میكانزم و شێواز هەڵدەبژێردرێن ؟ لەلایەن چ كەسێك یان دەزگایەكی فەرمییەوە هەڵبژێردراون ؟رۆڵی یەكەی سەرپەرشتیكردن چییە لەونێوەندەدا ؟
وەك دەزانن لای شارەزایانی بواری پەروەردە پێویستە ئەو كەسەی كە بڕیارە ببێتە ڕاهێنەر لانی كەمی كارامەیی و لێهاتوویەكی سەرەتایی هەبێت لە پێشكەشكردنی سیمینار و متمانەی بەخۆی هەبێت كە بتوانێت قسە بۆ مامۆستایان بكات و لە ڕووی ڕەفتارەوە ڕەفتاری شیاو گونجاو بێت ، بەپێی زانیاریەكانی من وئەوەی كە بەدواداچوونم بۆ كردووە لە ناوەندی شاری سلێمانی تاڕادەیەك كارلەسەر ئەمانە كراوەو یەكەی سەرپەرشتیكردن بەشداری پێ كراوە لە دەستنیشانكردنی ئەومامۆستایانەی كە دەبنە ڕاهێنەرو لیژنەیەك پێكهێندراوە بۆ چاوپێكەوتن لەگەڵیان و چاوپێكەتنیان لەگەڵ كراوەو پاشان هەڵبژێردراون هەرچەندە ئەمە وەكو پێویست نەكراوە ، بەڵام لە پەروەردەكانی دەرەوەی شاری سلێمانی ئهمه نهكراوه كە من شارباژێر وەك نمونە وەردەگرم هەڵبژاردنی مامۆستایان بۆ ئەم كارە گرنگە لەچوارچێوەی بڕیاری كەسیدابووە و بەفەرمی پێوەرگەلێكی ئەوتۆ نەبووە بۆ دەستنیشان كردنیان و هیچ ڕاگۆڕینەوەو پرس و ڕایەكیش بە یەكەی سەرپەرشتی كردنی پەروەردەیی ئەم قەزایە نەكراوە لەكاتێكدا سەرپەرشتیارانی ئەم قەزایە دەیان ساڵە خزمەت ئەكەن و زانیاری تەواویان لایە لەسەر قوتابخانە و مامۆستایانی ئەم ناوچەیە و باش دەزانن كە چ مامۆستایەك لێهاتوویی وباكگراوندێكی پەروەردەیی باشی هەیە و دەشێت بۆ ئەم كارەگرنگە ، هەربۆیە تا ئەم ساتەوەختە جۆرێك لە ناسەقامگیری لە كارەكەدا هەیە لەم ناوچەیە و دەیان مامۆستا دوای چوونە ناو پرۆژەكە و ئاشنابوون پێی و تێگەیشتن لە تواناكانی خۆیان بڕیاری وازهێنانیان داوەو كشاونەتەوەو هێشتا ژمارەی پێویست لەبەردەست نییە .
دووەم: كهمی و ناڕوونی پاڵپشتی دارایی مامۆستایانی ڕاهێنهر:
بەپێی بڕیاری وەزارەتی دارایی وبەهەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە بڕیار دراوە كە پاڵپشتی دارایی بۆ هەر مامۆستایەكی ڕاهێنەر بە بڕی 50 هەزار دیناری مانگانە بكرێت ، پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە ئایا بڕی پەنجا هەزار دینار بۆ هەر مامۆستایەكی ڕاهێنەر كە نزیكەی (10) قوتابخانەی لە ئەستۆیە و ڕاهێنانیان پێ دەكات گونجاوەو دەتوانێت كارەكانی خۆی پێ بەڕێ بكات بەتایبەت قوتابخانەكانی سنوری پەروەردەی قەزاكان ؟ ، لەكاتێكدا قوتابخانەكانی ئەو ناوچانە مەودای نێوانیان زۆر فراوانە و هەندێك جار دەگاتە هەشتا كیلۆمەتر و بەرەو ژوور و تەنانەت هەندێ شوێن هەیە كە قوتابخانەی تیادایە بەئاسانی ئوتۆمبێلی پێ ناگات و ڕەنگە مامۆستای ڕاهێنەر نەتوانێت لە ڕۆژێك دا بە زیاتر لە قوتابخانەیەك ڕابگات؟ .
لەحاڵەتێكیش دا ئەگەر لە شوێنە دورەدەستەكان چەند قوتابخانەیەك لە شوێنێك كۆبكرێنەوە تا مامۆستای ڕاهێنەر ئەدای كاری خۆییان لەگەڵ بكات ئەوە كۆمەڵێك گرفت دێتە پێش لەوانە ، دەبێت دەوامی فەرمی لەتەواوی ئەو قوتابخانانە كە مامۆستاكانیان دەچن بۆ وانەی ڕاهێنان هەفتەی زیاتر لە سەعاتێك – ڕەنگە لە شوێنە زۆر دورەكان تەواوی ڕۆژەكە – بوەستێت كە ئەمە هەم گرفتە و قوتابیان لە خوێندن دوادەكەون هەمیش نایاسایی یە ، هەروەها ئەم مامۆستایانە هەفتانە مەترسی ڕێگە و تێچووی هاتووچۆیان دەكەوێتە سەر شان بە تایبەت وانەبێژان لەكاتێكدا خۆیان موچەی مانگانەیان ئەوەندە نییە تاكو ئەمەیشی بێتەسەر .
هەروەها لەنوسراوی تایبەت بە شایستەی دارایی ئەم ڕاهێنەرانە هاتووەو دەڵێت وەزارەت هەوڵدەدات بەگوێرەی توانای دارایی ساڵانە پاداشتێكی ماددی بە ڕاهێنەران پێشكەش بكات ، ئەم دەستەواژەیە بە چەشنێك لاستیكی یە كەئەم سەرو ئەوسەری نادیارە ، وتراوە (وەزارەت هەوڵدەدات ) ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كە هێشتا نەبۆتە بڕیار و چەندێك ئەگەری كار لەسەر كردنی هەیە ئەوەندەش بە ئاڕاستەی پێچەوانە ، دواتر ئەگەر بوو بە بڕیاریش ئایا بڕی یارمەتییەكە چەندە؟ ، ئایا بۆ ڕاهێنەرانی ناوشارەكان و دەرەوەی شارەكان وەكو یەكە ؟ ئەگەر وەكو یەك بێت ئەوە جۆرێك لە نا دادپەروەری لەنێوان ڕاهێنەرانی ناوەوەی شار ودەرەوەی شار دروست ئەبێت .
سێهەم: دیارنیه كێ ههڵسهنگاندن بۆ مامۆستایانی ڕاهێنهر دهكات :
بەپێی پرۆژەكە ئەو مامۆستایانەی كە فێری شێوازە نوێیەكانی وانە ووتنەوە دەكرێن دواتر هەڵسەنگاندنیان بۆ دەكرێت لەلایەن مامۆستایانی ڕاهێنەرەوە ، دەپرسم ئەی مامۆستایانی ڕاهێنەر كێ یان چ دەزگایەك هەڵدەستێت بە هەڵسەنگاندنیان ، ئایا دەكرێت هەڵسەنگاندنیان بۆ نەكرێت ؟ ئەگەر دەكرێت هەڵسەنگاندنیان بۆ نەكرێت ئایا كەم وكورتی نییە لە پرۆژەكە ؟ تا ئێستا ئەمە پرسیارە وەڵامەكەی ڕوون نییە لە پرۆژەكەدا.
چوارەم: مامۆستایانی ڕاهێنهر توانای ههڵسهنگاندنی ئهم ڕێژه زۆرهی مامۆستایانی ڕاهێنراویان نییه له ساڵێكدا.
ڕاهێنەرانی بەڕێز كە ئەركی هەڵسەنگاندنی مامۆستاكانیان پێ دەسپێردرێت ، بۆ هەر یەكێكیان نزیكەی (10) قوتابخانە لە ئەستۆی دایە ئایا مامۆستای ڕاهێنەر چۆن پێ ڕادەگات هەڵسەنگاندن بۆ ئەو هەموو مامۆستایە بكات لەكاتێكدا ئەگەر وا دابنێین لە باشترین حاڵەت لەهەر قوتابخانەیەك 10 مامۆستا هەیە بۆ دە قوتابخانە دەكاتە (100) مامۆستا ، كە دەڵنیام ڕێژەكە زۆر لەمە زیاترە بەتایبەت لە قوتابخانەكانی ناو سەتنەری شارەكان ، وەك بەڕێزتان دەزانن پڕۆسەی هەڵسەنگاندنیش یەكێكە لە پڕۆسە قورس و گران و هەستیارەكان .
بۆیە لێرەوە بەپێویستی دەزانم وەزارەت و دەزگاو كەسانی پەیوەندیدار جارێكی تر بە پرۆژەكەدا بچنەوە هەم لە ڕووی دەست نیشان كردنی مامۆستایان بۆ كار لەسەر كردنیان وەكو ڕاهێنەر وهەم لە ڕووی شایستەی دارایی تایبەت بە ڕاهێنەران و هەمیش لە ڕووی پرۆسەی هەڵسەنگاندن بۆ ڕاهێنەران و وردتر كاری لەسەر بكەن تاكو ئامانجی خۆی بپێكێت .
*ماستهر لهبواری پهروهرده