سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ فراكسیۆنی حزبەكەی لە پەرلەمانی كوردستان كۆبووەوە و ڕایگەیاند، پارتی ئومێدی سەرەكیی خەڵكی كوردستانە.
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 8ی تەمموزی 2023 مەسعود بارزانی لە سەڵاحەدین لەگەڵ ئەندامانی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان كۆبووەوە.
بە گوێرەی راگەیەندراوێکی بارەگای بارزانی، لە كۆبوونەوەكەدا بارزانی سوپاسی ڕۆڵ و ماندووبوونی ئەندامانی فراكسیۆنی پارتی كرد و دەستخۆشی لێ كردن، كە لەم خولەی پەرلەمانی كوردستاندا كارەكانی خۆیان بە باشی بەجێگەیاندووە و پابەندی ئەركەكانیان بوون.
بارزانی داواشی كرد، “بەردەوام بن لە ڕۆڵی خۆیان لە بوارە جیاجیاكان و خزمەتی كوردستان و پارتی بكەن”.
بارزانی جەختیی لەوە كردەوە، كە پارتی ئومێدی سەرەكیی خەڵكی كوردستانە و پێویستە پارتی پارێزەری بەرژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستان و فەرهەنگ و رەوشتی بەرزی كۆمەڵگەی كوردستانی بێت.
بارزانی هێمای بە بارودۆخی سیاسیی كوردستان و ناوچەكە و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدڕاڵ دا و پەیوەست بەم تەوەرانە، بەرچاوڕوونی و ئامۆژگاریی پێویستی خستەڕوو.