وەزیری نەوتی عێراق ئاشکرای دەکات، وڵاتەکەی لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا بە حاڵی خۆبژێوی دەگات لە بواری غازدا.
حەییان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ دەزگای ئیماراتی، WAM، ڕایگەیاند؛ وڵاتەکەی دوو خولی مۆڵەتی بۆ گەڕان بەدوای کێڵگە نەوتی و گازییەکان پێشکەشکردووە، کە خولی پێنجەمی تەواوکەرە، کە زیاتر لە ١٠ کێڵگەی نەوت و گاز لە ڕۆژئاوای عێراق لەخۆدەگرێت، و شەشەمیش ١٣ کێڵگە و شوێنی گەڕان لەخۆدەگرێت، دەکەوێتە سەر سنوورەکانی ڕۆژئاوای عێراق، کە وڵاتەکەی دەتوانێت لێیانەوە زیاتر لە ١٥٠٠ ملیۆن پێی سێجا غاز بەرهەمبهێنێت، بە ئامانجی گەیشتن بە خۆبژێوی لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا.
ئاماژەی بەوەشکرد، عێراق خاوەنی یەدەگێکی نەوت و غازی گەورەیە کە دەگاتە 144.5 ملیار مەتر سێجا نەوت و زیاتر لە 133 ترلیۆن پێ سێجا غاز.
ناوبراو ئاماژەی بە گرێبەستێک لەگەڵ کۆمپانیای “پترۆلیۆمی بەریتانی” کرد بۆ پەرەپێدانی کێڵگەی ڕومەیلا کە یەکێکە لە کێڵگە گەورەکانی عێراق و لە ئێستادا جگە لە غاز بە ڕێژەیەکی زۆر، ڕۆژانە یەک ملیۆن و 380 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت.
وەزیری نەوتی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، توانای بەرهەمهێنانی نەوت لە عێراق لە ئێستادا دەگاتە پێنج ملیۆن و 400 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، هاوکات کۆی بەرهەمی ئێستا بەپێی پشکی “ئۆپێک” دەگاتە چوار ملیۆن و 430 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، وڵاتەکەشی چاوی لەوەیە لە چوارچێوەی پلانی ئومێد بەخشدا بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت توانای بەرهەمهێنان بۆ ٦ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، لە ڕێگەی گرێبەستی مۆڵەتدان کە لەگەڵ کۆمپانیاکان ئەنجامدراون لە قۆناغی داهاتوودا بەرز بکاتەوە.