سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، هێرشی ئاسمانیی كردووەتە سەر دوو خاڵی سەربە بزووتنەوەی حەماس لە كەرتی غەزە.
ئەڤیخای ئەدرەعی وتەبێژی سوپای ئیسرائیل، لە هەژماری خۆی لە تویتەر بڵاویكردەوە، فڕۆكە جەنگییەكانی وڵاتەكەی، شوێنكارێكی چەكی كردووەتە ئامانج كە ناوەندێكی گرنگە و مووشەكەكانی حەماسی تێدا دروست دەكرێت.
ئەڤیخای ئەدرەعی باسی لەوەش كرد، فڕۆكە جەنگییەكان تونێلێكی حەماسیان لە باشووری غەزە كردووەتە ئامانج.
ئەوەشی خستەڕوو، هێرشەكە وەك وەڵامدانەوەیەك بۆ هێرشێكی مووشەكیی ئەنجامدراوە كە لە كەرتی غەزەوە كراوەتە سەر ئیسرائیل.
ئاماژە بەوەش كرا كە هێرشەكە، هیچ زیانێكی گیانیی لێنەكەوتووەتەوە و تەنیا زیانی ماددی بەر چەند بینایەك كەوتووە.
لەلایەكی دیكەوە، لیواكانی عیزەددین قەسام باڵی سەربازیی حەماس ڕایگەیاند، لە ڕێگەی مووشەكی زەمین-ئاسمان بەرپەرچی هێرشەكانی ئیسرائیلیان داوەتەوە.
وتەبێژی حەماس، حازم قاسم لە لێدوانێكیدا بۆ كەناڵێكی هەواڵیی ناوخۆیی، باسی لەوە كرد، هێزە بەرگرییكارەكان بەرپەرچی هێرشەكەی ئیسرائیلیان داوەتەوە.