کارکردنی تیمەکانی مین لە دەیان کێڵگەی مینڕێژکراوی سنووری سۆران ، ڕاگیراوە



بەرپرسی راگەیاندن و چالاکییەکان لە دەزگای گشتیی کاروباری مین/هەولێر دەڵێت، “ئێستا گوشارێکمان بۆسەر خۆمان دروست کردووە، ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە کۆنن لە ئیدارە، خەرجییان زۆرە و لەسەر ئێمە زۆر دەکەوێت، بە ناچاری بەگەڕمان خستوونەتەوە کە 14 کەس بە دوو ئۆتۆمبێل دەگوازرێتەوە، کارەکانمان لە زۆربەی کێڵگەکانی مین وەستاوە و پێشتر ئەگەر 10 تیممان لە کار بووبن، ئێستا پێنج تیممان لە کارکردنن.”

 

رابەر ئەنوەر،باسی لەوەشکرد هەر تیمێکی مینلابەری لە 14 کەس پێکهاتوون و بۆ گەیشتنیان بە ناوچە مینڕێژکراوەکان پێنج ئۆتۆمبێلیان پێویستە.

 

لە کابینەی پێشووی حکومەتی هەرێمی کوردستان، 170 ئۆتۆمبێل بە کرێی مانگانەی یەک ملیۆن دینار بۆ هەر ئۆتۆمبێلک گیرابوون ،لە ساڵی 2019 گرێبەستی ئەو ئۆتۆمبێلانە هەڵوەشێندرانەوە و ئێستا لە تەواوی باشووری کوردستان تەنیا 20 ئۆتۆمبێل بەکاردەهێندرێن.

 

عەلی عەبدولڕحمان، بەڕێوەبەری گشتیی دەزگای کاروباری مین/هەولێر رایگەیاند، “دەزگای گشتیی کاروباری مین لیژنەیەکی تایبەتی بۆ ئەو مەبەستە پێکهێناوە، لە ساڵی 2021 رێکارەکان تەواو نەبوو، 2022ی هاتە سەر، بۆئەوەی ئۆتۆمبێلەکان بکڕدرێن؛ بەڵام ئۆتۆمبێلەکان دیارە لەلایەن کۆمپانیاکە دابین نەکرا، ئێستاشی لەگەڵدا بێت لەو پڕۆسەیە هەر بەردەوامین، بۆئەوەی تیمەکانمان بە هۆکاری دابینکردنی ئەو ئۆتۆمبێلانە دەست بە کارەکانیان بکەنەوە و بچنەوە سەر کارەکانیان.”

 

لە باشووری کوردستان نزیکەی 183 ملیۆن مەتر دووجا زەوی مینی تێدا دانراوە، کە دابەش بوون بەسەر 3207 کێڵگەی میندا؛ 380 کێڵگەی مین کەوتوونەتە سنووری پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بەشی زۆری کێڵگەکانی مین لە نزیک گوند و ئاواییەکانن و ساڵانە دەیان هاونیشتمانی لەنێو ئەو کێڵگانەی میندا دەبنە قوربانی.

 

نرخی نەوت، بەڕێژەی لەسەدا دوو بەرزبۆوە
پێشت نرخی نەوت، بەڕێژەی لەسەدا دوو بەرزبۆوە
وەزیری خوێندنی باڵا پەیامێکی بڵاوکردەوە
دواتر وەزیری خوێندنی باڵا پەیامێکی بڵاوکردەوە
ەیوەندیدار