چوارچێوەی هەماهەنگی پشتیوانی خۆی بۆ جێبەجێکردنی بودجە و خزمەتگوزارییەکانی دیکەی حکومەتی عێراق دەربڕی.
چوارچێوەی هەماهەنگی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە کە ئەمڕۆ یەکشەممە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی لە نووسینگەی حەمام حەمودی ئەنجامدا.
لە راگەیەندراوەکە هاتووە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عیراق لە کۆبوونەوەکە ئامادەبوو و زانیاری لە بارەی کۆتا نوێکارییە سیاسی و خزمەتگوزارییەکانی عێراقی خستەڕوو و هەموو لایەک کردەوەی سوتاندنی قورئانی بە کارێکی نەرێنی و خراپ لە قەڵەمدا.
بە گوێرەی راگەیەندراوەکە لە کۆبوونەوەکەدا چوارچێوەی هەماهەنگی هەوڵەکانی حکومەتی عێراقی بەرز نرخاند و رایگەیاندووە، پشتیوانی تەواو لە جێبەجێکردنی پڕۆژە یاسای بودجەی ناوەندی و خێراکردن و هەر هەوڵێکی دیکە دەکات کە خزمەت بە خەڵک بکات.