لیرەی تورکی ڕەنج بە خەسار دەبێت



داستان خارگێڵانی

داهاتی هەر وڵاتێک بەستراوە بە پێگە و نرخی دراوەکەیەوە هەر وڵاتێک دراوەکەی لەدەست بدات توشی هەڵئاوسان دەبێت و پێداویستیە سەرەتاییەکانی بۆ دەستەبەر نابێت ، لیرەی تورکیش خەریکە دەچێتە پاڵ دراوە کەم بەهاکانەوە ، کۆمەڵێک هۆکاری بنچینەیی هەن کە وادەکەن دراوەکە بەهاکەی لەدەست بدات یەکێک لەوانە پاڵپشتی کردنی ڕوسیاو پەلهاویشتن بۆ وڵاتانی چوار دەور و هاوتەریب نەبوون لەگەڵ سیاسەتی ئەمریکا و کۆمەڵێ وڵاتی تر ، وە سود وەرگرتن لە پاڵپشتی ڕوسیاو کارکردن لەگەڵیدا و وەرگرتنی یارمەتی لێی لە ڕۆژە سەختەکاندا ، گەر وا بڕوات چارەنوسی دراوەکە لە تمەن باشتر نابێت وە ڕەنگە ئێستا کاتی هەندێک جوڵە مابێت لە ڕێگریکردن لە داڕمان بەڵام دواتر ئەو دەرگایەش نامێنێت و هیچ جوڵەیەک بە ئاڕاستەی بە بەهاکردنی دراوەکە سودبەخش نابێت.

تورکیا لە ساڵی( ١٢٩٩ تاوەکو ١٩٢٢) شوێنی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بووە، ئەوە بوو بۆ یەکەمجار وشەی لیرە بەکارهات کە لە بنەڕەتدا ئاماژەی بە یەک پارچە زێڕ دەکرد ، بەڵام لەگەڵ هاتنە ناوەوەی پارەی کاغەز لە تورکیا لیرەی تورکی بوو بە دراو وە جێگەی لیرەی عوسمانی گرتەوە و قوروش بوو بە سەنت، لیرەی تورکی بۆ یەکەمجار وەک دراوی فەرمی تورکیا لە ساڵی ( ١٨٤٤ )ناسێندرا و جێگەی قوروشی گرتەوە کە لەو کاتەدا لە بازاڕدا بوو ، دوای چەند قۆناغێکی جیاواز لە جێگیرکردن لە ساڵی (١٩٤٦ ) لیرە بە دۆلاری ئەمریکی جێگیرکرا بە نرخی ئاڵوگۆڕی یەک دۆلار بە ٢،٨ لیرە و تا ساڵی( ١٩٦٠) ئەم بەهایە پارێزراو بوو ، لە دوای ساڵی (١٩٧٠) لیرە بەردەوام بوو بە لەدەستدانی بەهاکەی ئەمەش لە ئەنجامی هەڵاوسانی درێژخایەنی تورکیا لە ساڵانی حەفتاکان تا نەوەدەکان ، بەهای لیرە تووشی دابەزینێکی توند بوو وە دواتریش نرخی لیرەی تورکی لە ساڵی (٢٠٠٨)ە وە زیاتر لە ٤٠٠ % دابەزیوە بە بەراورد بە دۆلاری ئەمریکی و پاوەندی بەریتانی ، پێشتر نوسینی سەر لیرە زمانی عەرەبی بوو دوای دامەزراندنی کۆماری تورکیا لە ساڵی (١٩٢٢ ) بانکی ناوەندی تورکیا یەکەم لیرەی بە ڕێنووسی تورکی دەرکرد.

ناساندنی لیرە وەک دراو دابەش دەکرێت بەسەر دوو سەردەم دا کە سەردەمی یەکەمی لیرەی تورکی لە نێوان ساڵانی( ١٩٢٣ بۆ ٢٠٠٥) بوو ، وە سەردەمی دووەمی لیرەی تورکی لە ساڵی( ٢٠٠٥) دەستی پێکرد ئەوەبوو تورکیا یاسایەکی دەرکرد کە بە نەهێشتنی شەش سفر و هێنانەکایەی دراوێکی نوێ و دووبارە بە ناوی لیرەی تورکی بناسرێتەوە ، لیرەی نوێی تورکی بۆ جێگرتنەوەی لیرەی تورکی پێشوو بە ڕێژەی یەک لیرەی نوێی تورکی کە هاوتایە لەگەڵ یەک ملیۆن لیرەی کۆنی تورکی خرایە بازاڕەوە ، خێرابوونی لەدەستدانی بەها بەگشتی پەیوەست بوو بە ڕەجەب تەیب ئەردۆگانەوە کە ڕێگری کرد لە بانکی ناوەندی تورکیا بۆ گۆڕانکاریی پێویست لە ڕێژەی سود دا ، لیرەی تورکی بەردەوامە لە دابەزینی بەها لەگەڵ ئەوەی دراوەکە قۆناغێکی دابەزینی بەهای بەخۆیەوە بینیوە و بە بەردەوامی نزمترین ئاست تۆمار دەکات.

لە ئێستادا دراوی (٢٠٠،١٠٠،٥٠،٢٠،١٠،٥) وەک لیرە هەیە کە وەک پارە لە تورکیا بەکاردەهێنرێت، (٥٠،٢٥،١٠،٥،١) قوروش بە ١ لیرە هەژماردەکرێت ، لە یەک لیرەدا ١٠٠ قوروش هەیە، هەروەک چۆن بە دۆلاری ئەمریکی (USD) یان یۆرۆ (EUR) ١٠٠ سەنت هەیە ، وە هەموو دراوێکی جیهان هێمایەکی هەیە بۆ ناسینەوەی لە بازاڕەکانی ئاڵوگۆڕی دراودا ، بەڵام پارە لە تورکیا تا ساڵی (٢٠١٢) هێمایەکی نەبوو لەو ساڵەدا بانکی ناوەندی پێشبڕکێیەکی ئەنجامدا کە تێیدا داواکاران دەتوانن بەشدارییەکانیان پێشکەش بکەن بۆ هێمایەکی نوێی دراو لە کۆتایدا تولای لالێی ئەندازیار بەشداریی کرد و براوە بوو، لە ئێستادا لیرەی تورکی هێمای تایبەتی خۆی کە (₺) ئەمەیە وە لەگەڵ کورتکراوەی سێ پیتییەکەی (TLY) دەگونجێت ، هێماکە وەک نیوە لەنگەرێک دەردەکەوێت کە دوو هێڵی ڕووی سەرەوەی هەیە بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت کە دراوەکە لە بەندەرێکی سەلامەتدایە ، هەروەها هێڵەکانی بەرەو سەرەوە نوێنەرایەتی دراو دەکەن لە بەرزبوونەوەی پێگەی تورکیادا ، وە هەموو دراوەکانی لیرە وێنەی مستەفا کەمال ئەتاتورک یان لەسەرە ئەتاتورک کە کۆماری تورکیای مۆدێرنی دامەزراند و وەک یەکەم سەرۆک کۆماری تورکیا کاری کرد کە زۆرێک لە تورکەکان بە یەکێک لە گەورەترین سەرکردەکانی سەدەی بیستەم دەیناسێنن ئەردۆگان کێشەکانی لیرەی خستۆتە ئەستۆی بیانییەکان و لایەنگرانیان لە تورکیا ، کەواتە بۆچی لیرەی تورکی لە دابەزیندایە؟ ئایا دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتەکانی ئەردۆغان؟ پیلانێکی دەرەکی؟

پەیوەندی نێوان ڕێژەی سوود و بەهای دراوێک چییە؟

سیاسەتی وڵاتی تورکیا سیاسەتێکی خۆ گونجێن نەبووە سیاسەتێک بووە کە ئامانجی بەهێزکردن و پایەدار کردنی وڵاتی تورکیا بووە و ناساندنی بووە بە ئیمپراتۆر ئەمەش بوەتە هۆی ئەوەی کۆمەڵێک جوڵە بکات کە بەدڵی زلهێزەکان نەبێت و هەوڵی داگیرکردنی چواردەوری داوە وە بەهۆی ئەمەوە هەردەم لە شەڕدابوە و تێچویەکی زۆری هەبووە لە مەیدانی شەڕدا ، ئەمانە وادەکەن کە تێچوە سەربازیەکان زۆر بن و هاوڵاتی سڤیل باجەکەی بدات ، کاتێک بانکی ناوەندی ڕێژەی سوود دادەبەزێنێت بەگشتی پارە خواستی لەسەر کەمتر دەبێت بۆ قەرزکردن و بەم هۆیەوە بەهای کەمتر دەبێتەوە بە بەراورد بە دراوەکانی تر , هاوڵاتیانی تورکیا پەلە دەکەن لەگۆڕینی پاشەکەوتەکانیان بۆ دراوی بیانی و زێڕ بۆ ئەوەی لە بەرزبوونەوەی هەڵاوسان بیانپارێزن ئەمەش ئەبێتە هۆی ئەوەی دراوی ناوخۆ خواستی لەسەر نەبێت و بەهای خۆی لەدەستبدات بۆیە ئەردۆگان دوای داڕمانی دراوەکەی وەزارەتی دارایی ڕادەستی کوردێک کردوە بەناوی محمد شیمشاک کە خۆی بە کوردی تورکیا دەناسێنێت و رایدەگەیەنێت کورد بووە و لە قوتابخانە فێری تورکی بووە هەمووان چاوەڕێن شیمشاک جوڵەیەک بکات و تورکیا لە داڕمان بپارێزێت و ئومێدیان پێی هەیە پرسیارەکە ئەوەیە ئایا شیمشاک سەرکەوتو ئەبێت ئایا ئەتوانێت هاوسەنگی ئابوری تورکیا بپارێزێت و بە کرداری دەتوانێت چی بکات ئەمانە هەمووی پرسیارن و بەشێک لە هاوڵاتیان چاوەڕێی ئەنجامەکەی دەکەن ئەوەی تا ئێستا کرابێت زیادکردنی نرخی سودە بۆ دوو ئەوەندە

بەشێکی تری ئابووریناسان دەڵێن کە بەرزبوونەوەی ڕێژەی سوود قەرزکردن گرانتر دەکات واتە تاوەکوو رێژەی سود زیاد بێت وەبەرهێنەران کەمتر پارە لە بانقەکان قەرز دەکەن ئەمەش دەبێتە هۆی کەمتر بوژانەوەو دابەزینی ئاستی وەبەرهێنان لە وڵاتدا ، لە کاتێکدا ئەم جۆرە لە زیادکردنی سودە هەڵاوسان خاو دەکاتەوە ، بەڵام مەترسی ئەوە هەیە کە پاشەکشەی ئابووریش دەستپێبکات ئەمەش هۆکارێکی سەرەکییە کە ئەردۆغان خۆی لەو سیاسەتە بەدوور بگرێت واتە گەر ڕێژەی سودی بانکی زیاد بکات توشی گرفتی پاشەکشەی ئابووری دەبێت و دراوەکە زیاتر توشی داڕمان دەبێت ، ئابووری تورکیا بە بڕی ٩٠٠ ملیار دۆلار زیانی بەرکەوتوە و دابەزینی دراوەکەش هەموو ئەو شتانەی وڵاتەکە هاوردەی دەکات لە دەرمانەوە تا نەوتی خاو گران دەکات , هەروەها ئەو بازرگان و کەسانەی کە بە دۆلار قەرزیان کردووە ڕوو لە مایەپوچ بوون دەکەن , مەترسیەکە زۆر گەورەیە لەسەر دراوەکە گەر بەراورد کاریەک بکەین لە نرخی لیرەی تورکی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی بۆمان دەردەکەوێت کە لیرە چەندە پاشەکشەی کردوە لە مەیدانەکەدا بۆنمونە ئەم داتایانە وەربگرین ساڵی ( ٢٠٠٥ ) یەک دۆلار ١،٣ لیرە بوو ، (٢٠٠٩ ) یەک دۆلار بڕی ١،٥ لیرە دابەزیوە وە( ٢٠١٩ ) یەک دۆلار بڕی ٥،٦ لیرە وە (٢٠٢١ ) یەک دۆلار ١٣،٥ لیرە و دواتر ( ٢٠٢٢) یەک دۆلار ١٨،٦ لیرە بووە ، لە ئێستادا بەهای یەک دۆلار ٢٣،٣٧ لیرەی تورکیە ، لە (٢٠٠٥ ) بڕی ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی بەهای ١٣٣ لیرەی تورکی بوو لە ئێستادا سەد دۆلاری ئەمریکی بڕی ٢٣٣٧ لیرەی تورکیە !

جوڵەکانی تورکیا و سیاسەتی دەرەکی و ناوەکیەکانی و پەیوەندی لەگەڵ ڕوسیادا و پشتیوانی هێرشەکەی ڕوسیا بۆ سەر ئۆکرانیا و پشتیوانی ڕوسیا بۆ مانەوەی ئەردۆگان و وەرگرتنەوەی دەسەڵات وای کردوە تورکیا بکەوێتە بەر نیشانی ئەمریکا وهەوڵی لاوازکردنی دراوەکەی بدرێت و سزا بدرێت بەجۆرێک کە هەڵئاوسان ڕوبدات و تەنگ بە هاوڵاتیانی تورک هەڵبچنێت و پێداویستی و خۆراکە سەرەتاییەکانیان بە ئاستەنگ دەستبکەوێت ، پێویستە تورکیا وریابێت و بارودۆخی ئێستای ئێرانی لەبەر چاوبێت و نەهێڵێت بگاتە ئەو قۆناغەی ئێران ، پەیوەندیە سیاسی و دیبلۆماسیەکانی ئاسایی بکاتەوە و نەهێڵێت دراوەکەی توشی داڕمانی زیاتر بێت ،
ئەم هەڵئاوسانە ئەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ڕێژەی هاوردەکردن، بەڵام ڕێژەی هەناردەکردن زیاد دەکات و کاڵا و بەرهەمی نێوخۆی زیاتر دەبرێتەدەرەوە ، لەکۆتایدا دراوەکە مایەپوچ دەبێت و ئەو هەموو پاشخان و پێشخانەی کە هەوڵی بۆ داوە و بەدەستی هێناوە وەک باڵندەی قەقنەس ڕەنج خەسار دەبێت .

 

فه‌رمانى هه‌رێمى بۆ  دامەزراندنی  دادوەران دەرکرا
پێت فه‌رمانى هه‌رێمى بۆ دامەزراندنی دادوەران دەرکرا
بێباوەڕەکان لە باوەش بگرن
دوات بێباوەڕەکان لە باوەش بگرن
پەیوەنیدر