پاش دووهەفتە لە دەستگیرکردنی، لەسەر سکاڵایەکی سەرۆکی شارەوانی کە لەسەر پۆستێکی فەیسبووک دەستگیر کرابوو، چالاکوانێک لە قەزای چەمچەماڵ بە کەفەلەت ئازادکرا.
محەمەد رەوف قوربانی، چالاکوان و نیشتەجێی چەمچەماڵ دوو هەفتە پێش ئێستا لەسەر نوسینێک لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک دەستگیرکرا و ئەمڕۆ بە کەفالەتی دوو ملیۆن دینار ئازادکرا.
ناوبراو برازای نوسەر و چاودێری سیاسی عارف قوربانییە و لە لایەن هێزەکانی ئاسایش لەسەر سکاڵایەکی سەرۆکی شارەوانی دەستگیر کرابوو.
محەمەد رەوف قوربانی، بە خەڵکی وت؛ بە ماددەی (٢)ی خراپ بەکارهێنانی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیرکرام لەسەر سکاڵای سەرۆکی شارەوانی چەمچەماڵ .
وتیشی: کەیسەکەم ناقانونیە ماددەی دووی مۆبایل کەیسی پۆلیسە نەک ئاسایش، هەرچەندە دادوەر بە کەفالەت ئازادی کردووم، بەڵام کەیسەکەیان دانەخستوە و بەکراوەی ماوەتەوە بۆ ئەوەی بچوکترین ڕەخنە بگرم یان دژی زوڵم و تیرۆر و نەبوونی ئازادی بنوسم و خەڵک هۆشیار بکەمەوە دووبارە دەستگیرم بکەنەوە.
پێشتر و لە سەروەختی دەستگیر کردنی برازاکەیدا، عارف قوربانی نوسیبووی؛ “مەهزەلەخانەکەی نیشتمان، برازایەکم سێ هەفتەیە لەسەر پۆستێکی فەیسبوک لە ئاسایش زیندانیکراوە، بەهۆی ئەوەی باسی جەنابی عالی مەقامی کردووە، هەر پایەدار بێ دەسەڵاتی ستەمکار”.
جێی باسە محەمەد، سكاڵاکەی لەسەر نووسینێکە کە تیایدا داوای دانانی کابینەی لە شارەوانی کردووە و وەک نوسیویەتی؛”من وەک هاوڵاتیەکی چەمچەماڵ داوای دانانی کابینەی مۆدێرنم لە شارەوانی کردوە وەک دەزانن تەواوی ئەم شارە بۆتە کابینە و خەڵک کار و کەسابەت دەکات شارەوانی چەمچەماڵ دەڵێت بۆ خەڵک ئاساییە و بەتۆی نادەین”.