قوباد تاڵەبانی، لەکۆبوونەوەیدا لەگەڵ مەکتەبی رێکخستنی یەکێتی رایگەیاند؛ یەکێتی پێگەیەکی گەورەی هەیە، بۆیە هەمیشە چاوەڕوانی باشتری لێ دەکرێت و بۆ ئەو مەبەستەش خۆمان رێک دەخەینەوە
ئەمڕۆ ٢ی تەمووزی ٢٠٢٣، لەشارى سلێمانی قوباد تاڵەبانی سەرپەرشتی کۆبوونەوەی حزبەکەی کرد و ، سەرکەوت زەکی لێپرسراوی مەکتەبی رێکخستن ئامادەی بوو، قوباد تاڵەبانی سەرپەرشتیاری مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال دوایین گۆڕانکاریی و پێشهاتە سیاسییەکان و دۆخی ناوخۆی یەکێتی بۆ ئامادەبووان روون کردەوە.
قوباد تاڵەبانی باسی دۆخی ناوخۆی یەکێتی کرد و ڕایگەیاند؛ گۆڕانکاری دەکەین لە شێوازی کارکردن بە جۆرێک کە لەگەڵ ئەم دۆخەی ئێستادا گونجاو بێت و بۆ ئەو مەبەستەش پێویستیمان بە هەوڵ و هیمەتی هەموولایەکە، لەوبارەیەوە وتی؛ مەکتەبی رێکخستن دڵی حیزبە و کاریگەری گەورەی لەسەر ئۆرگانەکان و لەسەر جێبەجێ کردنی سیاسەت و بەرنامەی کاری حیزب هەیە.
قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشدا یەکێتی سیاسەت و پرەنسیپەکانی نەگۆڕاوە و هەموو کات لەگەڵ عەدالەتی دارایی و پەیوەندییەکی تەندروست بووە لەگەڵ بەغدا و داڕێژەری فیدرالییەتە لە عێراق و بنیاتنەر و پارێزەری قەوارەی هەرێم و دەستکەوتەکانییەتی،
لەبارەی هەڵبژاردنەوە سەرپەرشتیاری مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال وتی؛ لەگەڵ ئەوەدا نەبووین هەڵبژاردن دوابکەوێت و ئێستاش ئامادەکاریی تەواومان کردووە و دەبێت هەڵبژاردن بکرێت، ئێمە لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی بێگەرد و دادپەروەرانەداین و مافی هەموو پێکهاتەکانیش پارێزراو بێت.
لەبارەی پەیوەندییەکانی یەکێتی لەگەڵ حزب و لایەنە سیاسییەکان، قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاند: ئێمە لەگەڵ یەکڕیزی و تەبایی ناوخۆییداین و هەموو کات وتوومانە دەبێت پەیوەندی زۆر باشمان لەگەڵ لایەنەکان هەبێت، بەڵام ئەوە بەو مانایە نایەت کە سیاسەتی حزبەکان وەک یەک بێت، هەموو حیزبێک سیاسەتی خۆی هەیە و کار لەسەر جێبەجێ کردنی دەکات، یەکێتیش سیاسەتی تایبەتی خۆی هەیە و لەڕێی ئۆرگان و کادرەکانییەوە کار لەسەر جێبەجێ کردنی دەکات.