بەپێی ئامارێكی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر تەنیا لە چوار ڕۆژی جەژنی قورباندا، نزیكەی 144 هەزار گەشتیاری ناوخۆی هەرێمی كوردستان و پارێزگەكانی عێراق سەردانی شاری هەولێریان كردووە.
دلێر محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر، لە لێدوانێکی بۆ ڕاگەیاندنی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری ڕوونیکردەوە، تەنیا لە ماوەی چوار ڕۆژی جەژنی قورباندا، بە نزیكەی 144 هەزار گەشتیار سەردانی شاری هەولێریان كرد.
ئەوەشی خستەڕوو كە ئەو ژمارەیە پێكهاتووە لە گەشتیارانی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و پارێزگەكانی عێراق و تەنانەت گەشتیاری وڵاتانی دیكەشی تێدایە.
بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر سەبارەت بە زیادبوونی ژمارەی گەشتیارن دەڵێت: ئەمساڵ ژمارەی گەشتیاران بۆ شاری هەولێر بە نزیكەی یەك لەسەر سێ زیادی كردووە، ئەمەش بۆ ئەو پلانە دەگەڕێتەوە كە سەبارەت بە گەشتوگوزار گیراوەتەبەر. سەبارەت بە ژمارەی مۆڵەتەكانی گەشتیاریش، دلێر محەمەد وتی: 1350 مۆڵەت لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر هەیە.