ئەو 15 وڵاتەی تێیدا بێڕێزی بەرامبەر قورئانی پیرۆز کراوە



سوتاندنی قورئانی پیرۆز لەلایەن گەنجێکی عێراقی لە سوید ئەم هەفتەیە کاردانەوەی زۆری جیهانی لێکەوتۆتەوە، بەتایبەت کە ئەم مانگە مانگێکی پیرۆزە بۆ مسوڵمانان و لەجیهانەوە دەچن بۆ سعودیە بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەج، بەڵام ئەمە یەکەم حاڵەت نییە، بەڵکو لە ساڵانی ڕابردوودا سەدان ڕووداوی هاوشێوە لە چەندین وڵاتی ئیسلامی و نا ئیسلامی تۆمارکراون و هەندێکیشیان توندوتیژیان لێکەوتۆتەوە.

ئەمانەی خوارەوە دیارترین ڕووداوەکانی قورئان سوتاندن و شێواندنن لە جیهاندا:

1.  تورکیا

مانگی 6ی ساڵی ڕابردوو لە یەکێک لە قوتابخانەکانی ناوچەی سەریک لە ئەنتالیا چەند خوێندکارێکی قۆناغی دواناوەندی سوکایەتییان بە قورئان کرد و بەهۆیەوە ناڕەزایی زۆری هاووڵاتیانی ئەو وڵاتەی لێکەوتەوە، ڤیدیۆی ڕووداوەکە لە سۆشیاڵ میدیا ئەوە نیشاندەدا کە خوێندکارێک قورئان هەڵدەدات بۆ ئاسمان و دوای ئەو خوێندکارێکی تر شەقی تێهەڵدەدا و خوێندکارانی تر لەگەڵ ڕووداوەکە پێدەکەنن. دوای ڕووداوەکە وەزارەتی پەروەردەی تورکیا ڕایگەیاند “ڕێوشوێنی پێویست بەرامبەر ئەو خوێندکارانەی دەستیان لە ڕووداوەکەدا هەبووە گیراوەتەبەر.”
مانگی 10ی ساڵی 2021 پۆلیسی تورکیا چوار کەسی دەستگیرکرد لەسەر ئەوەی لە یاریگایەک پەرەکانی قورئانیان دڕاندووە و فڕێیانداوە و ڤیدیۆی ڕووداوەکەیان تۆمار کردووە.
ساڵی 2020 هاوڵاتییەکی تورکیا بە ناوی ئیبراهیم عەتەبی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڤیدیۆیەکی خۆی بڵاوکردەوە کە تێیدا قورئان دەدرێنێت. دوای ڕووداوەکە ئیبراهیم عەتەبی ڕایکرد بۆ ڕووسیا.

2. ئێران

ساڵی 2020 ئێران دوو پیاوی دەستگیرکرد بە ناوی یوسف مێهراد و سەدروڵا فازێڵی زارع بە تۆمەتی ئەوەی قورئانیان سوتاندووە و سوکایەتییان بە پێغەمبەری ئیسلام  موحەمەد (د.خ) کردووە. دواتر دادگای تاوانی شاری ئەراک سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرکردن لەسەر ئەو تۆمەتانە، ئەمە سەرەڕای سزای زیندانی 6 ساڵ بەهۆی “بەڕێوەبردنی ئەو گروپانەی کە دژی ئاسایشی نەتەوەیی ئێرانن” ، مانگی پێنجی ئەم ساڵ هەردووکیان لە زیندانی ئەراک لەسێدارە دران.

3. میسر

مانگی 10ی ساڵی 2012 لە لادێیەکی پارێزگای بەنی سوێف دوو کوڕ دەستگیرکران بەتۆمەتی ئەوەی نوسخەیەکی قورئانیان لە بەردەم مزگەوتێکی لادێی مارکۆ دڕاندووە و سوکایەتییان پێکردووە. دوای ڕووداوەکە حکومەتی میسڕ بڕێکی زۆر لە هێزەکانی ئاسایشی برد بۆ لادێکە بۆ ڕێگری لە توندوتیژی. سەرەنجام دادگای میسڕ مینا نادی تەمەن 9 ساڵان و نەبیل نادی 10 ساڵانی بە “کوفر” تاوانبار کرد و بەڕێیکردن بۆ زیندانی نەوجەوانان.

 

  1. پاکستان

کۆتایی ساڵی 2012 ڕووداوێک لە پاکستان کاردانەوەی جیهانی لێکەوتەوە دوای ئەوەی پیاوێک بە تۆمەتی سوکایەتی بە قورئان سوتێندرا. پۆلیسی پاکستان ناوی کەسەکەی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام ڕایگەیاند لە هەرێمی سیند پیاوەکە شەو لە یەکێک لە مزگەوتەکان لە لادێی سیتا ماوەتەوە و بەیانی ڕۆژی دواتر خەڵکی ئەو لادێیە دوای بینینی قورئانی سوتاو ئەویان تۆمەتبار کردووە و لە مزگەوتەکە بە لێدان بردوویانە بۆ بنکەی پۆلیس. بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرس، دواتر نزیکی 200 کەس هەڵیانکوتاوەتە سەر بنکەی پۆلیس و کەسەکەیان سوتاندووە و بەهۆیەوە گیانی لەدەستداوە. لەسەر ڕووداوەکە پۆلیسی ئەو وڵاتە زیاتر لە 30 کەسی دەستگیر کردووە کە لە نێوانیان 7 پۆلیسی ئەو بنکەیە بوون.

لە ڕووداوێکی تری هاوشێوەدا مانگی دووی ساڵێ ڕابردوو لە یەکێک لە لادێکانی هەرێمی خانەوال پیاوێک لە لایەن کۆمەڵێک کەسەوە بەردباران کرا و کوژرا بەتۆمەتی سوتاندنی قورئان لە یەکێک لە مزگەوتەکانی گوندی دێرا. پۆلیسی وڵاتەکە ڕایگەیاند کە تۆمەتبارەکە لای ئەوان دەستبەسەر بووە بەڵام کۆمەڵێک هاووڵاتی توڕە توانیویانە لە ژێر دەستی پۆلیس دەریبهێنن و بیکوژن. ڕووداوەکە کاردانەوەی توندی بەرپرسانی بەدوای خۆیدا هێنا، لە نێوانیان عیمران خان سەرۆک وەزیرانی ئەوکات کە ڕایگەیاند، “ئێمە هیچ لێبووردەییمان نییە بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت خۆیان ببنە جێبەجێکەری یاسا.”

 

  1. دانیمارک

سەرەتای ساڵی 2017 دادگای دانیمارک پیاوێکی تەمەن 42 ساڵانی بە تۆمەتی “کوفر” کردن سزادا بە هۆی ئەوەی لە ڕێگەی فەیسبووکەوە ڤیدیۆیەکی بڵاوکردۆتەوە کە تێیدا قورئان دەسوتێنێت. بڕیارەکەی دادگای شاری ڤیبۆرگ کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە چونکە وڵاتی دانیمارک لە ساڵی 1946ەوە هیچ کەسێکی بە تۆمەتی “کوفر” سزا نەداوە.

 

  1. نایجیریا

چەندین دیاردەی سوکایەتی بە هێما ئاینیەکان و تۆمەتبارکردنی یەکتر بە کوفرکرد بوونەتە هۆی توندوتیژی زۆر لە نایجیریا کە بەشی باکوری زۆرینە مسوڵمانن و بەشی باشوری مەسیحین. مانگی پێنجی 2022 کۆمەڵێک خوێندکاری مسوڵمان لە یەکێک لە زانکۆکانی شاری سۆکۆتۆ کچە خوێندکارێکی مەسیحی زانکۆکەیان بەناوی دێبرا یەکوکو بەردباران کرد و دواتر ئاگریان لە جەستەی بەردا بە تۆمەتی ئەوەی لە یەکێک لە گفتوگۆ ئایینیەکان لە گروپێکی واتس ئاپ سوکایەتی بە پەیامبەر محەمەد کردووە.

ساڵی 2007 لە ڕووداوێکی تردا مامۆستایەکی مەسیحی بە ناوی ئۆلووەتۆین ئۆلووەسێسین لە لایەن 16 کەسەوە کوژرا بە تۆمەتی دڕاندنی چەند پەڕەیەکی قورئانی پیرۆز. ساڵی 2002 زیاتر لە 200 کەس گیانیان لەدەستدا بەهۆی دروستبوونی توندوتیژی لەسەر لێدوانێکی ڕۆژنامەنووس ئیسیۆما دانیل لەسەر پەیامبەری ئیسلام. لە ڕووداوێکی تری کوشندەدا ساڵی 1994 کۆمەڵێک کەسی توڕە هەڵیانکوتایە سەر یەکێک لە زیندانەکانی هەرێمی کانۆ و یەکێک لە زیندانیەکانیان کوشت بەتۆمەتی ئەوەی سوکایەتی بە قورئان کردووە و ژنەکەی پەڕەکانی قورئانی بۆ پاککردنەوەی پاشەڕۆی منداڵەکەی بەکارهێناوە. لە ڕووداوەکەدا خەڵکەکە دوای کوشتنی گیدیۆن ئەکەلوکا، کەلەسەری کوژراوەکەیان بەناو شاردا گێڕا.

 

  1. بەنگلادش

مانگی دەی ساڵی 2021 لە پێکدادانێکدا لە هەرێمی چاندپوور چوارکەس کوژران و بە دەیان کەس بریندار بوون دوای ئەوەی ڤیدیۆیەک بڵاوکرایەوە کە تێیدا دەردەکەوێت لە یەکێک لە بۆنەکانی هیندۆسەکانی ئەو هەرێمە قورئان دەسوتێندرێت. دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆکە، کەسانی ناڕازی هێرشیانکردە سەر چەندین پەرستگای هیندۆسی لە ناوچەکە و لەگەڵ پۆلیس ڕووبەڕوو بوونەوە.

 

  1. عومان

ساڵی 2013 لە شاری سوحاری سەڵتەنەتی عومان پۆلیس ژنێکی فەڕەنسی و دوو پیاوی عومانی دەستگیرکرد بەتۆمەتی دڕاندی قورئان. پۆلیسی وڵاتەکە ڕایگەیاند ژنەکە لە لێکۆڵینەوە وتویەتی ئازاری قاچی هەبووە و دوو پیاوەکە پییان ڕاگەیاندووە بۆ چارەسەر پەڕەکانی قورئان بەکاربهێنێت. بەڵام دواتر دوو پیاوەکە وێنەی ئەو کارەیان گرتووە و لە ئنتەرنێ بڵاویانکردۆتەوە، کە بووە هۆی ناڕەزایی بەرفراوانی هاوڵاتیان.

 

  1. تونس

ساڵی 2020 داگای تونسی بلۆگەرێکی تەمەن 27 ساڵانی بە 6 مانگ زیندانی و غەرامەی 700 دۆلار سزادا بەهۆی ئەوەی سوکایەتی بە قورئان کردووە. دادگای ئەو وڵاتە ڕایگەیاند ئامینە چارگووی لە پۆستێکی فەیسبووک چەند دێرێکی نوسیوە دەربارەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا لەسەر شێوەی ئایەتەکانی قورئان. دوای ڕووداوەکە و بەهۆی کاردانەوەکان لە دژی، بلۆگەرەکە تونسی جێهێشت و ڕایکرد بۆ ئەڵمانیا.

 

  1. سعودیە

ساڵی 2014 پۆلیسی شاری حەفر ئەل بەتین پیاوێکی 30 ساڵانی دەستگیرکرد بە تۆمەتی سوکایەتی کردن بە پەیامبەر و دڕاندنی قورئان. کۆمیتەی هاندانی چاکە و ڕێگری لە خراپە لەو وڵاتە ڕایانگەیاند کە سێ مانگ چاودێری نوسینەکانی ئەو کەسەیان کردووە بەر لەوەی داوای دەستگیرکردنی بکەن. هەروەها کۆمیتەکە ڕایانگەیاند پیاوەکە خۆی بە بێدین ناساندووە و لەلایەن “چەند گروپێک” پشتگیری کراوە.

 

  1. ئیندۆنیسیا

مانگی پێنجی ساڵی ڕابردوو پۆلیس لە جاڤای ڕۆژئاوا گەنجێکی 25 ساڵیان دەستگیرکرد بە تۆمەتی سوکایەتی بە ئیسلام و “پێ خستنە” سەر قورئان و دواتر دادگا بە “تاوانی کوفر” سزای دا. پۆلیس تۆمەتبارەکەی بە ناوی دیکا ناساندووە و دەڵێت لە ڤیدیۆیەکدا دەرکەوتووە ئەو کارەی ئەنجامداوە و وتویەتی، “تەحەددای هەموو مسوڵمانان دەکەم.” پۆلیسی وڵاتەکە لە هەمانکاتدا ژنی تۆمەتبارەکەشی دەستگیرکردووە بەتۆمەتی تێوەگلان لە کارەکە لە هەمان ساڵدا دادگای ئەو وڵاتە فرمانی دەستگیرکردنی دەرکرد بۆ ئیبراهیم ئیبن موسا کە پێشتر مسوڵمان بووە و چوەتە سەر ئاینی مەسیحی. ئیبراهیم ئیبن موسا بە سوکایەتیکردن بە ئیسلام تۆمەتبارکراوە و بەرپرسانی وڵاتەکە دەڵێن داوای لە وەزارەتی ئاینی ئیندۆنیسیا کردووە کە 30 ئایەتی قورئان لابەرێت “چونکە توندوتیژی بڵاودەکەنەوە.” سەرچاوە هەواڵیەکانی ئەو وڵاتە دەڵێن تۆمەتبارەکە ڕایکردووە بۆ ئەمەریکا.

 

  1. مەغریب

ساڵی 2021 پۆلیسی مەغریب لە پایتەختی ئەو وڵاتە ژنێکی 23 ساڵانی دەستگیرکرد بەهۆی چەند پۆستێکی لە فەیسبووک کە ساڵی 2019 بڵاویکردوونەتەوە و تێیاندا قورئانی بە شێوەیەکی “گاڵتەئامێز” نیشانداوە. دادگای وڵاتەکە ژنەکەی بە سێ ساڵ و نیو زیندانی و غەرامەی 6 هەزار دۆلار سزاداوە.

 

  1. ئەڤغانستان

سەرچاوە هەواڵیەکانی ئەفغانستان ڕایانگەیاند مانگی چواری ئەمساڵ چەکدارانی تاڵیبان لە پارێزگای بەدغیس پیاوێکیان بەناوی حاجی گۆل گولەباران کردووە بەتۆمەتی سوکایەتی بە قورئان. سەرچاوە هەواڵیەکان دەڵێن پیاوەکە دوای دەمەقاڵێ لەگەڵ خێزانەکەی قورئانی سوتاندووە.

 

  1. هیندستان

مانگی 12ی ساڵی ڕابردوو چەندین مسوڵمان لە شاری ئوتار پرادێش خۆپیشاندانی ناڕەزاییان ئەنجامدا دوای ئەوەی لە یەکێک لە مزگەوتەکانی ئەو شارە چوار نوسخەی قورئان بە سوتاوی دۆزرانەوە. ڕۆژێک دوای ڕووداوەکە پۆلیسی شارەکە ڕایانگەیاند کە تۆمەتبارەکەیان دەستگیرکردووە و کەسێکی مسوڵمانی خاوەن “نەخۆشی دەروون” بووە.

مانگی 10ی ساڵی ڕابردووش پۆلیسی شاری ناوهاتا لە کشمیر کەسێکیان دەستگیرکرد بەناوی ئیرشان ئەحمەد میربەتۆمەتی ئەوەی قورئانی خستۆتە ناو ئاوەوە. پۆلیس ڕایگەیاند کە پێشتر تۆمەتبارەکە کرداری هاوشێوەی ئەنجامداوە و “پێدەچێت مێشکی تەواو نەبێت.”

  1. ئەمریکا

مانگی 10ی ساڵی 2010 کارمەندێکی هێڵی گشتی گواستنەوەی نیوجێرسی لە نویۆرک بەناوی دێریک فەنتۆن لە ناوچەیەک کە بۆ دروستکردنی مزگەوت تەخانکرابوو چەند پەڕێکی قورئانی سوتاند. دوای ڕووداوەکە هێڵی گواستنەوەی نیوجێرسی ڕایگەیاند کە کارمەندەکەی دوای 11 ساڵ کارکردن دەرکردووە چونکە بە کارەکەی “یاسای ئێتیکی دەزگاکەی شکاندووە و متمانەی هاوکارانی لەدەستداوە.”
ساڵی 2007 هەر لە شاری نویۆرک خوێندکارێکی 23 ساڵان دەستگیرکرا بە تۆمەتی “تاوانی ڕق و کینە” دوای ئەوەی بەهۆی دەمەقاڵێ لەگەڵ چەند مسوڵمانێک قورئانی خستە ناو یەکێک لە توالێتەکانی زانکۆی پەیس. پۆلیسی برۆکلین دوای ڕووداوەکە ڕایگەیاند پیاوەکەی تۆمەتبار کردووە بە تاوانی “فەساد و هەراسانکردن و بڵاوکردنەوەی رق و کینە” و دوای داننان بە تاوانەکە سزادراوە و پابەدنکراوە بە 300 کاتژمێر کارکردن لە “خزمەتی گشتی.”

خوێندنی باڵا ئەنجامی ماستەر و دکتۆرا ڕادەگەیەنێت
پێشت خوێندنی باڵا ئەنجامی ماستەر و دکتۆرا ڕادەگەیەنێت
یەکێتی ئەوروپا سوتاندنی قورئان شەرمەزار دەکات
دواتر یەکێتی ئەوروپا سوتاندنی قورئان شەرمەزار دەکات
ەیوەندیدار