خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان لە چەند شارێکی فەرەنسا بەردەوامن و باری نائاسایی لە وڵاتەکەدا راگەیاندرا ،ماککرۆن داوا لە دایک و باوکان دەکات رێگە لە گەنجەکانیان بگرن لە ماڵ نەچنە دەرەوە.
دوای چوار رۆژ لە رووداوی کوژرانی گەنجێکی تەمەن ١٧ ساڵ،گرژی و ئاڵۆزی بەدوادا هات، تا ئێستا لەلایەن پۆلیسی ئەو وڵاتەوە زیاتر ٩٠٠ خۆپیشاندەر دەستگیرکراون.
گەنجێکی تەمەن ١٧ ساڵ بەناوی “نایل” بەرەبەیانی ٢٧ی مانگی رابردوو کە شۆفێری مێرسیدسێکی زەرد بووە لەلایەن پۆلیسی وڵاتی فەرەنساوە تەقەی لێکرا و دواتر گیانی لەدەستدا، ئەو رووداوەش گرژی بەدوای خۆیدا هێنا و لە چەند شارێکی فەرەنساوە خۆپیشاندان دەستی پێکرد.
لە ئێستادا لە هەریەک لە شارەکانی مێریسلیا، لیۆن، تۆلۆز، ستراسبۆرگ، لیل و پاریس خۆپیشاندان بەردەوامە و نوسینگەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێڤ داوای لە دەسەڵاتدارانی فەرەنسا کرد، دڵنیابن لەوەی کە بەکارهێنانی هێز لەلایەن پۆلیسەوە بەپێی بنەماکانی جیاکاری نەکردن بێت.
بەپێی هەواڵی ئاژانسە جیهانییەکان، لە ئێستادا ٤٥ هەزار پۆلیس لە بنکە و خاڵە پێویستەکاندا جێگیرکراون بۆ رێگەنەدان بە زیاتر تەشەنەکردنی خۆپیشاندانەکان.
لەلایەکی دیکەوە، ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا داوای لە دایک و باوکان کرد رێگە بە هاتنەدەرەوەی گەنجان لەماڵ نەدەن، بۆ ئەوەی ئەو ناڕەزایەتییانەی پەرەی سەندووە، هێور بکەنەوە.
ماکرۆن باسی لەوەشکردووە، “کۆڵانەکان وەک مەیدانی جەنگیان لێهاتووە”، بە فەرمیش داوای لە سەرجەم پلاتفۆڕمەکانی سۆشیاڵ میدیادا، “پۆستە هەستیارەکان” کە دەبنە هۆی زیاتر تەشەنەسەندنی توندوتیژییەکان؛ لاببرێن.
داواشی لە کۆمپانیاکانی سۆشیاڵ میدیا کرد، ناسنامەی ئەو بەکارهێنەرانە ئاشکرا بکەن کە داوای تەشەنەسەندنی توندوتیژییەکان دەکەن لە وڵاتەکەدا.