وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای کەرکوک ڕایدەگەیەنێت، هیچ ڕێگرییەک نییە بۆ ئەوەی هاووڵاتیان لە ماڵەوە قوربانی بکەن.
عامر نووری، وتەبێژی پۆلیسی کەرکوک ڕایگەیاندووە، “لە کەرکوک هیچ بڕیار و رێنوێنییەک نییە بۆ ئەوەی هاووڵاتیان پابەند بکرێن قوربانی لە ماڵەوە نەکەن.
ڕاشیگەیاند، هاووڵاتیان ئازادن لە ماڵەوە یان لە سەربڕینخانە قوربانییەکە بکەن، بەڵام ئەوەی گرنگە پابەندیی ڕێنمایی و ڕێکارە تەندروستییەکان بن.
وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دەرکردووە، کە بۆ جەژن نابێت لە دەرەوەی سەربڕینخانەکان قوربانی بکرێت.
ئەم بڕیارەی تەندروستی هەرێم لەكاتێكدایە، كە نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە عێراق و هەرێم بڵاوبۆتەوە و تا ئێستا لە هەرێم 11 كەس تووشی پەتاكە بوون و 4 كەس گیانیان لەدەستداوە.