زانای فیزیای ئەمریکی جۆن گودینف کە یەکێک بوو لە داهێنەرانی پاتری لیتیۆم ئایۆن کە بارگاوی دەکرێتەوە و لەگەڵ هاوبەشە بەریتانی و ژاپۆنییەکانی لەم داهێنانەدا خەڵاتی نۆبڵی کیمیایان لە ساڵی ٢٠١٩ بەدەستهێنا، لە تەمەنی ١٠٠ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
زانکۆی ئۆستن،تەکساس ،ئەمڕۆ ڕایگەیاند ، کە گودینف لە ساڵی ١٩٨٦ ەوە لە کۆلێژی ئەندازیاری کۆکەرێل وانە دەڵێتەوە، ڕۆژی یەکشەممە کۆچی دوایی کردووە.
جەی هارتزل، سەرۆکی زانکۆکە لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو زانا فیزیایە لە ساڵی 1922 لە ئەڵمانیا لەدایک بووە و لە ئەمەریکا گەورە بووە و پەروەردە بووە، “وەک زانایەک میراتێکی فراوانی بەجێهێشتووە کە دۆزینەوەکانی ژیانی ملیارەها کەسی لە سەرانسەری جیهان باشترکردووە”.
تا ئەمڕۆش جۆن گودینف خاوەنی بەتەمەنترین خەڵاتی نۆبڵە لە مێژووی خۆیدا، بەو پێیەی کە لە تەمەنی نەوەد و حەوت ساڵیدا لەگەڵ کیمیاکارانی بەریتانی ستانلی ویتنگام کە لە ساڵی ١٩٤١ لەدایکبووە و ئاکیرا یۆشینۆی ژاپۆنی کە لە ساڵی ١٩٤٨ لەدایکبووە، خەڵاتی نۆبڵی بەدەستهێناوە.
دوای قەیرانە نەوتییەکانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو، ستانلی ویتنگام، مامۆستای زانکۆی بینگهامتۆن لە ئەمریکا، کە ئەوکات لە کۆمپانیای نەوتی ئێکسۆن کاریدەکرد، دەستیکرد بە گەڕان بەدوای سەرچاوەی وزەی جیا لە بەردبووەکاندا.
لێکۆڵینەوەکانی بووە هۆی دۆزینەوەی ڕێگەیەک بۆ بەرهەمهێنانی وزە لە لیتیۆمەوە، کە کانزایەکی هێندە سووکە سەر ئاو دەکەوێت.
پاشان مامۆستای زانکۆی تەکساس لە ئۆستن جۆن گودینف کاری کرد بۆ زیادکردنی تایبەتمەندییەکانی داهێنانەکە بە بەرهەمهێنانی وزە لە ئۆکسیدی کانزا نەک دیسولفاید.
لە ساڵی ١٩٨٠دا نیشانیدا کە تێکەڵکردنی ئۆکسیدی کۆبالت و ئایۆنەکانی لیتیۆم دەتوانێت تا ٤ ڤۆڵت بەرهەمبهێنێت.
لەسەر بنەمای ئەم دۆزینەوانە، ئاکیرا یۆشینۆی تەمەن ٧١ ساڵ، یەکەم پاتری بازرگانی لە ساڵی ١٩٨٥ داهێنا.
ئەکادیمیای شاهانەی سویدی خەڵاتی نۆبڵی پێبەخشین، ئاماژەی بەوەشکرد، “پاتری لیتیۆم لە ساڵی 1991ەوە شۆڕشێکی گەورەی لە ژیانماندا کردووە” و “سودێکی گەورەی بۆ مرۆڤایەتی هێناوە”، لەوانە پەرەپێدانی توانای بەکارهێنانی ئامێری مۆبایل و دەستڕاگەیشتن بە ملیۆنان کەس بۆ زانیاری و ئینتەرنێت لە ڕێگەی مۆبایلەوە .
گودینۆ کاتێک خەڵاتی نۆبڵی پێبەخشرا وتی “زۆر دڵخۆشم کە دۆزینەوەکەم یارمەتیدەر بووە لە پەیوەندیکردن لە ناوچە جیاوازەکانی جیهان، پێویستە پەیوەندی دروست بکەین نەک شەڕ”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، دڵخۆش دەبم ئەگەر خەڵک بۆ چاکە بەکاریبهێنن نەک بۆ خراپە.