مەترسی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون کاریگەری لەسەر قوربانیکردن دروستکردووە



ئاژەڵدارانی بازاڕی ئاژەڵان لە شاری ھەولێر ماوەیەکی زۆرە ئاژەڵەکانیان بۆ جەژنی قوربان ئامادە دەکەن و چەند ڕۆژێکیش بەرلە هاتنی جەژنی قوربان بە دەرفەتی دەزانن بۆ ئەوەی ئاژەڵەکانییان بفرۆشن، ئاژەڵداران ئاماژە بەوە دەکەن کە بوونی تای خوێنبەربوون، هەروەها تێچووی زۆری باج و ڕسوماتی گومرک کاریگەری لەسەر بازاڕەکەیان دروستکردووە.

ئاژەڵفرۆش حاجی ڕەفیق دەڵاڵ دەڵێت: “ئەمساڵ بازاڕ بە گشتی گرانە، نرخی قەسابیش گرانە، ئێستا لە دوکانی خۆمان نرخی یەک کیلۆ جوانەگا دەکڕین بە ھەشت هەزار دینار، لەلایەک خواست لەسەر گۆشت زۆرە، لەلایەکی دیکە ڕێنماییەکانی قایمقامیەت کاریگەری خراپی کردە سەر بازاڕ و داوا دەکەین چاوێک بە بڕیارەکەدا بخشێنرێتەوە چونکە لەماوەی ئەو ٧٢ کاتژمێرەی جەژنی قوربان ئەو ھەموو خەڵکە ناتوانێت ئاژەڵەکانییان ببەنە سەربڕخانە و لەوێ سەریانبڕن، چونکە ھەر دوای نوێژی جەژن ڕەنگە پێنج ھەزار ئاژەڵ لە ھەولێر سەر ببڕێت، ئەو ھەموو ئاژەڵە ناتوانرێت بچێتە سەربڕخانە، من بۆخۆم چەند ساڵە قوربانی دەکەم، ئەگەر لە ماڵی خۆم نەبێت، نایکەم”.

حاجی ڕەفیق دەڵاڵ وتیشی: “خەڵک ھەیە ئاژەڵی کڕیووە و بەهۆی ڕێنماییەکانی قایمقامیەت پەشیمان بووەتەوە چونکە حەزی کردووە ئاژەڵەکە لە ماڵەوە سەر ببڕێت، بۆیە داوا لە قایمقامیەت و لیژنەکانی تەندروستی دەکەین بە ڕێنماییەکاندا بچنەوە بەجۆرێک با قەسابەکان لە ماڵەکاندا ڕێنماییەکان جێبەجێ بکەن وەک بەکارهێنانی دەستەوانە و لە پێکردنی پۆتینی درێژ، جگە لەوەش ئەگەر لە ماڵەوە ئاژەڵەکان سەرببڕین بە نیو کاتژمێر تەواو دەبێت، بەڵام لە قەسابخانە کاتێکی زۆری دەوێت و ئەرکێکی زیاترە بۆ هاووڵاتییان”.

بە وتەی حاجی ڕەفیق نرخی کاوڕ هەشت هەزار دینار، مەڕ لە پێنج بۆ شەش ھەزار دینار و، جوانەگا لە ھەشت بۆ نۆ ھەزار دینارە.

قایمقامیەتی قەزای ناوەندی هەولێر پێشتر ڕایگەیاندبوو کە نابێت ئاژەڵ لە ماڵ و ناو کۆڵان و شەقامەکاندا سەرببڕێت و پێویستە هاووڵاتییان ئاژەڵەکانییان ببەنە سەربڕخانە و لەوێ بە شێوەیەکی تەندروست پشکنییان بۆ بکرێت ئینجا سەرببڕدرێن بەڵام ئاژەڵفرۆشان داوا دەکەن قایمقامیەت بە ڕێنماییەکاندا بچێتەوە و جەخت لەوە دەکەنەوە کە ڕێنماییەکان کاریگەری نەرێنی لەسەر مامەڵە و بازاڕ دروستکردووە.

هاوکات ئاژەڵفرۆشێکی دیکە تێچووی گومرک و کرێی گواستنەوە بە هۆکارێک دەزانێت بۆ بەرزبوونەوەی نرخی ئاژەڵ و داواش دەکات کە پێداچوونەوە بە ڕسوماتی گومرک بکرێت.

ئاژەڵفرۆش عەزیزخان ھەرکی ڕایگەیاند: “ئەمساڵ بازاڕ گرانە چونکە ئاژەڵ ڕسوماتی گومرکیی زۆر خراوەتە سەر و کرێی گواستنەوەش گران بووە، هەروەها حەقدەستی قەسابەکانیش زیادبووە، هەموو ئەوانە وایکردووە کە ئاژەڵ گران بێت بۆیە ئێمەش ناچارین نرخەکان گران بکەین و بە گرانیش لەسەر هاووڵاتییان بکەوێت”.

ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەمساڵ بەھۆی بوونی تای خوێنبەربوون و بەرەنگاربوونەوەی ئەم پەتایە، لیژنەکانی تەندروستی و قایمقامیەت ژمارەیەک ڕێنماییان دەکردووە ھاوکات ئەمڕۆش وەزیری تەندروستی ھەرێمی کوردستان، سامان بەرزنجی ڕایگەیاند کە بەپێی دوایین ڕاپۆرتی وەزارەتی تەندروستیی عێراق، کە ڕۆژی یەکشەممە بە دەستیان گەیشتووە، لە عێراق ٨٦٥ گومانلێکراو بە تای خوێنبەربوون تۆمارکراوە. لەو ژمارەیە ٢٦٥ حاڵەت پشتڕاستکراونەتەوە و ٦٩ تووشبووش گیانیان لەدەستداوە.

وەزیری تەندروستی ڕاشیگەیاند کە تا ئێستا ٢٣ گومانلێکراو بە تووشبوون بە تای خوێنبەربوون لە ھەرێمی کوردستان دەستنیشان کراوە، لەو ژمارەیە، ١١ حاڵەت پشتڕاستکراونەتەوە کە ھەڵگری ڤایرۆسەکەن و لەو ١١ حاڵەتەش پێنج کەسیان گیانیان لەدەستداوە.

 

ئێران؛ زیاتر لە ٧٥٠ کەس بەهۆی خۆڵبارینەوە گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانە
پێشت ئێران؛ زیاتر لە ٧٥٠ کەس بەهۆی خۆڵبارینەوە گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانە
کەی بەنزینی”٤٥٠” دیناری دەگاتە هەرێم؟
دواتر کەی بەنزینی”٤٥٠” دیناری دەگاتە هەرێم؟
ەیوەندیدار