هەرێم بە بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی ڕازی بووە و كارەكانی پەرلەمان كۆتایی دێت



دوابەدوای بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی عێراق بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری پەرلەمانی كوردستان، كە تەمەنی خۆی درێژكردبووەوە، ئەو بڕیارەی دادگای فیدڕاڵی لە لایەن چەند فراكسیۆنێكی پەرلەمانی كوردستانەوە دانی پێدانرا و لە پەرلەمان ئەركەكانیان كۆتایی پێ‌ هێنا و بەشێوەیەكی كرداری پەرلەمانی كوردستان كارەكانی كۆتایی دێت.

ئەمڕۆ دوو شەممە 26ی حوزەیران، هەریەكە لە فراكسیۆنی پارتی و پێكهاتەی توركمانەكان بە سكرتێری پەرلەمانیشەوە كۆتاییان بە كارەكانیان هێنا لە پەرلەمانی كوردستان و داوایان لە دیوانی پەرلەمان كرد یاسای چاكسازی لە مووچە و دەرماڵە و خانەنشینی پەیڕەو بكات.

فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان لە نووسراوێكدا بۆ سەرۆكایەتی دیوانی پەرلەمان ئاماژەی بەوەكردووە، “بەپێی یاسای چاكسازی و یاسا پەیوەندیدارە بەركارەكان هەڵبستن بە گرتنەبەری ڕێكاری یاسایی بۆ تەواوبوونی ماوەی ئەندامێتی ئەندامانی فراكسیۆنی پارتیمان و نوێنەرمان لە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان”.

ڕاشیگەیاندووە، لە 1/6/2023 ەوە مووچەی پەرلەمانتاری ڕەت دەكەینەوە و داوا دەكەین مووچەی مانگی 6ی2023 بۆ ئەندامانی فراكسیۆنی پارتی و نوێنەرمان لە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان (هێن هەورامی) نەبەسترێت.

هاوكات، مونا قەهوەچی، سكرتێری پەرلەمانی كوردستان بە هەمان شێوە لە نووسراوێكدا بۆ سەرۆكایەتی دیوانی پەرلەمانی كوردستان داوای كۆتایی هێنان بە ئەركەكانیان دەكات وەك سكرتێری پەرلەمان و پەرلەمانتارانی توركمان.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە لەماوەی ڕابردووشدا ژمارەیەك پەرلەمانتاری فراكسیۆنەكانی دیكەی وەك گۆڕان و یەكگرتوو و كۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی كوردستان دەستلەكاركێشانەوەیان ڕاگەیاند بەهۆی ناڕەزاییان لە درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان.

دوای ئەوەی لە ساڵی ڕابردوودا پەرلەمانی كوردستان بە دەنگی زۆرینەی یەكێتی و پارتی و پێكهاتەكان تەمەنی پەرلەمانیان بۆ ماوەی ساڵێك درێژكردەوە، بەڵام بەشێكی پەرلەمانتاران و یاساناسان لەبەردەم دادگای فیدڕاڵی تانەیان لەو بڕیارەی پەرلەمانی كوردستان دا.

دادگای فیدڕاڵی عێراق دوای چەندین دانیشتن، لە ماوەی ڕابردوودا بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارەی پەرلەمانی كوردستان و بە پێچەوانەی بنەماكانی دەستوور و دیموكراسی وەسفی كرد، كە هەڵبژاردن تاكە ئیرادەی دیموكراسی دەنگدەرانە و جەختیشی كردەوە، كە بەپێی دەستوور و یاسای هەڵبژاردن دەبێت هەڵبژاردن 4 ساڵ جارێك بێت.

پێدانی پێشینەی 25 ملیۆنی دەستپێدەكاتەوە
پێشت پێدانی پێشینەی 25 ملیۆنی دەستپێدەكاتەوە
حكومەتی هەرێم لەگەڵ نوێنەر و كونسوڵی وڵاتان كۆبووەوە
دواتر حكومەتی هەرێم لەگەڵ نوێنەر و كونسوڵی وڵاتان كۆبووەوە
ەیوەندیدار