بە سەرپەرشتی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران، كۆبوونەوەیەكی هاوبەش لەنێوان حكومەتی هەرێم و زیاتر لە ١٦ كونسوڵ و نێردەی دیپلۆماسی لە هەرێمی كوردستان لەسەر پرسی پاراستنی ژینگە بەڕێوەچوو، كە تیایدا تاوتوێی چەندین پڕۆژە كرا بۆ پێكەوە كاركردن لەپێناو پاراستنی ژینگەی كوردستان.
لە كۆبوونەوەكەدا كە ئەمڕۆ دوو شەممە ٢٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٣ لە هەولێر بەڕێوەچوو، هەر یەكە لە وەزیری كارەبا و وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو و سەرۆكی دەستەی ژینگە و جێگری فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە بەشداربوون، قوباد تاڵەبانی باسی لە دۆخی ئێستای ژینگەی كوردستان و مەترسییەكان و لێكەوتەكانی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوای كرد لەسەر كوردستان.
ڕاشیگەیاند؛ پێویستە تا درەنگ نەبووە حكومەت و كۆمەڵگای مەدەنی و وڵاتانی دۆست بە هاوكاری یەكتر پلانی ستراتیژی و تۆكمەی زانستی بۆ چۆنییەتی بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا و پاراستنی ژینگەی كوردستان ئامادە بكەن و هەر بە هاوكاری یەكتریش جێبەجێی بكەن، چونكە پرسی ژینگە پرسێكی گرنگە و بەبێ هاوكاری هەمەلایەنەی حكومەت و كۆمەڵگای مەدەنی و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی ئاسان نییە بتوانرێت بەرەنگاری گۆڕانكارییە مەترسیدارە ژینگەییەكان ببینەوە.
جێگری سەرۆك وەزیران ئاماژەیدا بە؛ كێشەكانی خاك و سەرچاوە ئاوییەكانی كوردستان و وتی، “بەداخەوە خاكە بە پیتەكەمان مەترسی لەسەرە، لەگەڵ ئەوەی لەپێناو ئاسایشی خۆراك و گەشەپێدانی ئابوریدا دەمانەوێت پەرە بە كەرتی كشتوكاڵ بدەین، هاوكات لەگەڵ ئەوە پێویستە پلانمان هەبێت بۆ پاراستنی خاك و سەرچاوە ئاوییەكان و هەروەها پاك كردنەوەشیان”.
قوباد تاڵەبانی داوایكرد، “وڵاتانی دۆست پسپۆڕ و ڕاوێژكار ڕەوانەی كوردستان بكەن بە تایبەتیش لە بوارەكانی پاراستن و پاك كردنەوەی ئاو و خاكدا”.
لە كۆبوونەوەكەدا چەندین بابەتی دیكەش تاوتوێ كران لەوانە چۆنییەتی بەرزكردنەوەی رێژەی سەوزایی لە كوردستان و هەروەها هۆشیاكردنەوەی كۆمەڵگا و ڕۆڵی رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی لە پاراستنی ژینگە. لەمبارەیەشەوە قوباد تاڵەبانی، داوایكرد كۆنسوڵخانەكان لەمەوبەدوا گرنگی زیاتر بدەن بە هاوكاریكردنی رێكخراوەكانی ژینگەپارێز.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا چەندین پڕۆژەی جیاواز پێشكەشی كونسوڵخانەكان كران بۆ ئەوەی دوای تاوتوێكردنیان لەڕێگەی وڵاتەكانیانەوە هاوكاری حكومەتی هەرێم و كۆمەڵگای مەدەنی بن لە پرسی پاراستنی ژینگەدا.
ئەم كۆبوونەوەیە دوای ئەوە دێت، كە ڕۆژی ڕابردوو قوباد تاڵەبانی لەگەڵ ژمارەیەك لە كەسانی پسپۆڕ و ئاكادیمی كوردستان لەسەر پرسی ژینگە كۆبووەوە و بڕیاریشە لە ماوەكانی داهاتوودا كۆبوونەوەی فراوانتر لەسەر ئاستی پسپۆڕان و لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەرێم و عێراق بەڕێوەبچێت تا بە هەوڵی هەمەلایەنە پرسی ژینگە ببێتە ئەولەوییەتی سیاسەت لە عێراق و كوردستان.