سەرەڕای پەسەند كردنی بودجە لەلایەن سەرۆك كۆمارەوە و بڵاوكردنەوەی لە وەقائعی عێراقی و چوونە بواری جێبەجێ كردنیەوە لە هەفتەی داهاتوودا، جارێكی دیكە بەهای دۆلار بەرزبووەوە.
ڕەوەند میرزا لە بازاڕی دۆلارەكەی سلێمانی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند،دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ یەك شەممە، بەهای 100 دۆلار گەیشتەوە 147 هەزار و 700 دینار لەكاتێكدا بەیانی لەكاتی كردنەوەیدا بە 147 هەزار دینار بوو.
ڕاشیگەیاند، نرخی تمەنی ئێرانی لە دابەزیندایە و لە ئێستادا 100 دۆلار بە 5 ملیۆن تمەن مامەڵەی پێوە دەكرێت.
بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەو شێوە چاوەڕوان نەكراوە لەكاتێكدایە، كە ڕۆژانە بانكی ناوەندی زیاتر لە 250 بۆ 270 ملیۆن دۆلار دەخاتە بازاڕەوە و ڕۆژ بەڕۆژ ڕێكارەكانی بۆ بەرزكردنەوەی بەهای دینار و دابەزاندنی بەهای دۆلار زیاتر دەكات.
بڕیارە لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە یاسای بودجەی گشتی عێراق بكەوێتە بواری جێبەجێ كردنەوە، كە بە فەرمی نرخی 100 دۆلار بە 130 هەزار دینار دیاری كراوە.