ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی دستگیرکردنی بکوژی هاووڵاتی ( خواناس وریا نازم ) لە سنوری قەزای چەمچەماڵ راگەیاند.
ئاسایشی سلێمانی بڵاویکردەوە، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی ئۆپراسیۆنەکانی دەزگای ئاسایش بکوژی هاووڵاتی ( خواناس وریا نازم ) لە سنوری قەزای چەمچەماڵ دەستگیرکرد .
ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠٢٣/٦/٢٢ لەناو بازاڕی قەزای چەمچەماڵ کەسێک بەناوی ( خواناس وریا نازم گلی )، لەلایەن ماتۆڕسوارێکەوە تەقەی لێدەکرێت و دەکوژرێت و دواتر تەقەکەرەکە هەڵدێت.
لە راگەیەندراوەکەی ئاسایشدا هاتووە، دەستبەجێ دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر بۆ دەستگیرکردنی کەسی تەقەکەر سەرجەم هێزەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕۆژئاوا ، هێزەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتی ئۆپراسیۆنەکانی دەزگای ئاسایش ڕاسپێردران بۆ دۆزینەوە و دەستگیرکردنی تۆمەتبار .
ئاسایش دەشڵێت:”سەرئەنجام بە هەوڵ و ماندوبوون و لێهاتووی هێزەکانی ئاسایش، جێگە و شوێنی مانەوەی تۆمەتبارەکە دیاریکراو، دوای تێپەڕبوونی ٢٤ کاتژمێر لەلایەن هێزەکانمان تۆمەتبارەکە لە سنوری قەزای چەمچەماڵ دەستگیرکرا”.
تۆمەتبارەکە ناوی ( ه ، ک ، ح ) لەدایکبووی ١٩٩٥ دانیشتووی چەمچەماڵ .
سەبارەت بە هۆکاری کوشتنەکەی، ئاسایش ئاماژەی بەوەشکردووە، تۆمەتبار هۆکاری کوشتنەکەی بۆ جیاوازی بیروڕای ئاینی گەڕاندەوە ، دانیناوە بەوەی کە چەندجارێک گفتوگۆیان کردووە و لێکتێنەگەیشتن ڕویداوە و لە ئێستادا تۆمەتبار بە ماددەی ٤٠٦ بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە ڕاگیراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵی بەردەوامە