بەپێی ڕاپۆرتە كەشناسییەكان، لە هەفتەی داهاتووەوە شەپۆلێكی گەرما ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە و لە ڕۆژانی جەژندا پلەمانی گەرما بەرزدەبنەوە.
سیروان ساڵح، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، بەهۆی کاریگەری تۆپەڵە هەوایەکی گەرمی زەریای هندی بۆ ناوچەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و وڵاتانی دەوروبەر، لە ئەمڕۆ و سبەینێوە پلەکانی گەرمی بەرزدەبنەوە.
ڕاشیگەیاند، ئەگەر هەیە لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا کاریگەری تۆپەڵە هەوا گەرمەکە زیاتر بێت و بەرزترین پلەی گەرمی ڕۆژ لە دەشتەکانی ناوەڕاست و باشووری گەرمیان بگاتە 45° پلەی سەدی و کاریگەری بۆ ڕۆژانی دواتر بەردەوام بێت.
لە دوێنێ 21ی حوزەیرانەوە یەكەم ڕۆژی هاوین دەستی پێكردووە و هاوكات لە ئەمڕۆشەوە یەكەم شەپۆلی گەرمای هاوینە ناوچەكانی هەرێمی كوردستانی گرتۆتەوە، لەكاتێكدا بە درێژایی 3 مانگی بەهار پلەكانی گەرما لە خوار تێكڕای ئاستی ئاسایی ساڵانە بوون و كەشێكی فێنكی هەبوو.
بەپێی بڕیاری سعودیە و وەزارەتی ئەوقافی هەرێم، ڕۆژی چوار شەممەی داهاتوو دەبێتە یەكەم ڕۆژی جەژنی قوربانی ئەمساڵ، كە 4 ڕۆژ دەخایەنێت.